حكومه‌تی به‌ریتانیا جارێكی دیكه ئاماده‌بوونی هانده‌رانی له یاریگاكانی له‌نده‌نی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته له یاریه‌كانی خولی تۆپی پێی یانه‌كانی ئینگلته‌را قه‌ده‌غه‌كرد، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی تێبینی كراوه له ڕۆژانی ڕابردوو ژماره‌ی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له له‌نده‌ن زۆر زیادی كردووه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی بریتانیا بڕیاریاندا له ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی داهاتووه‌وه ڕێگه به هانده‌ران نه‌ده‌ن ئاماده‌ی بینینی یاریه‌كانی ئه‌و شه‌ش یانه‌ی له‌نده‌ن بن كه له پرێمه‌رلیگ به‌شدارن.
پێشتریش حكومه‌تی بریتانیا بڕیاریدابوو له هه‌ر یاریه‌كی خولی ئینگلته‌را دووهه‌زار هانده‌ر به گرتنه‌به‌ری ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی له ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌سه‌ر په‌یژه‌كانی یاریگاوه ئاماده‌ی بینینی یاریه‌كانی خوله‌كه بن.
هاوكات بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی ئاماده‌بوونی هانده‌ران له یاریه‌كانی پرێمه‌رلیگ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی گرته‌وه.
لای خۆشیه‌وه مات هانكۆك وه‌زیری ته‌ندروستی بریتانیا ڕایگه‌یاند كه حكومه‌ت ئه‌م بڕیاره‌ی بۆ خۆپارێزی له ڤایرۆسی كۆرۆنا گرته‌به‌ر، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی تێبینی كرا ڕۆژانه ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا له‌و وڵاته دووهێند ده‌بێت .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.