Erbil 38°C ھەینی 08 ئایار 14:39

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان: کۆچی دوایی د.رۆژ زیانێکی زۆر گەورەیە بۆ هەموو گەلی کوردستان

پێشمەرگەیەكی ئازای ئەوتۆ بوو، هەموو هاوسەنگەرێكی، شایەتی بۆ ئازایەتی و پێشڕەوییەكەی ده‌ده‌ن
کوردستان TV
100%

بەهۆی کۆچی دوایی د. رۆژ نوری شاوەیس ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی هاوخه‌می بڵاو كرده‌وه‌.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

پەیامی  نێچیرڤان بارزانی بۆ كۆچی دواییی د. ڕۆژ نووری شاوەیس

بەڕێزان بنەماڵە و هاوسەنگەران و هەڤاڵانی د. ڕۆژ نووری شاوەیس

هەواڵی كۆچی دواییی پێشمەرگەی فەرماندە و سیاسەتكاری ناوداری كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان د. ڕۆژ نووری شاوەیس، زۆر خەمناك و دڵتەنگی كردین. بەو بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و هەموو گەلی كوردستان دەكەم، هاوخەمی هەر هەمووتانم.

د. ڕۆژ وەك پێشمەرگە، فەرماندەییی چەندین داستان و سەركەوتنی گەورەی پێشمەرگەی كردووه‌. پێشمەرگەیەكی ئازای ئەوتۆ بوو، هەموو هاوسەنگەرێكی، شایەتی بۆ ئازایەتی و پێشڕەوییەكەی ده‌ده‌ن. وەك سیاسەتكار كەسێكی پشوودرێژ و دانوستاندكارێكی زۆر سەركەوتوو بوو، هەمیشە بەبێ دەستهەڵگرتن لە مافەكانی گەلی كوردستان، ڕێگەیەكی سازان و ڕێككەوتنی دەدۆزیەوە. له‌به‌ر لێزانی و سەركەوتوویی لە كاردا، جێگەی ڕێزێكی تایبەتى جەماوەر و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بوو.

وەك سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی پەرلەمان لە كوردستان، ڕۆڵێكی بەرچاوی لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و دەركردنی یاسای زۆر باش بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان هەبووە. لەسەر ئاستی عێراق وەك جێگری سەرۆك وەزیران ڕۆڵێكی بەرچاوی لە پاراستنی مافەكانی گەلی كوردستاندا هەبوو. لە هەموو قۆناغ و پێگەكانیدا بە ڕاستی و بە كردەوە، نیشتمانپەروەریی ڕاستەقینەی خۆی دەنواند.

كاتێك د. ڕۆژ بووە سەرۆكی كابینەی سێیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، شانازیی ئەوەم هەبوو وەك جێگری به‌ڕێزیان لە حكوومه‌ت كار بكەم و لە ئەزموون و شارەزاییەكەی فێر ببم، هەروەك چۆن خۆی و نەوەی زێڕینی سەركردایەتیی پارتی، دوای كۆچی دواییی باوكم، زۆریان فێر كردم و زۆریش پشتیوانم بوون. د. ڕۆژ وەك یەكێك لەو نەوە زێڕینەی پارتی كه‌ جێگەی ڕێزێكی زۆر تایبەتن، له‌ ڕۆژگارى زۆر سه‌خت و ته‌نگانه‌دا هەر زوو ئاڵای خەباتیان بەرز كردەوە و بە دڵگەرمییەكی زیاترەوە درێژەیان بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نیشتمانیی كوردستان دا.

د. ڕۆژ نووری شاوەیس كە لەدایكوباوكییەوە ڕۆڵەی بنەماڵەیەكی ناودار و ڕۆشنبیر و شۆڕشگێڕی سلێمانی بوو. كەسێكی زۆر بە توانا بوو، هەموو توانا و گەنجییه‌تیی خۆی بەخشییە گەلەكەی. لەدەستدانی، زیانێكی زۆر گەورەیە بۆ هەموو گەلی كوردستان، بۆیەش پرسه‌كه‌ى، پرسەی هەموو گەلی كوردستانە. د. ڕۆژ بە تێكۆشانی سەخت و دڵسۆزانەی بۆ نەتەوەكەی و هەموو گەلی كوردستان، ناوی خۆی بۆ هەمیشەیی لە مێژووی كوردستاندا نەخشاند.

خوای مه‌زن گیانى شاد بكات و دڵنەوایی بە بنەماڵە و كەسوكار و هەڤاڵانى و هه‌موو گەلی كوردستان ببەخشێت.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
2021/2/15

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.