Erbil 38°C ھەینی 08 ئایار 20:07

راگەیاندراوێک لە گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

مەحمود محەمەد
کوردستان TV
100%

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی سه‌ر شاری هه‌ولێر، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەحموود محەمەد وێڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌و په‌لاماره‌ هه‌روه‌ها داوای له‌ حكومه‌تی عێراق و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و به‌ تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكا كرد، هه‌رچی زووه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و هێرشه‌ بكه‌ن و لایه‌نی هێرشبه‌ر به‌ سزای یاسایی خۆی بگه‌یه‌نن..

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كەی گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان هاتووه‌:

گروپێكی سەرلێشێواوی لە یاسا دەرچوو، لەپەنای حەشدی شعبی و بە ئیمكانات و ئیمتیازات و بەرگی ئەوانەوە، کاتژمێر ٩:٣٠ خولەکی شەوی رابردوو، رێكەوتی ١٥ لەسەر ١٦ـی شوباتی ٢٠٢١، بەمەبەستی تێكدانی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی پایتەختی هەرێمی كوردستان، ترسنۆكانە چەند موشەكێكیان ئاراستەی ناوشاری هەولێر كرد، كە بووە هۆی زیانی مرۆیی و ماددی و، نیگەرانکردنی دانیشتوانی سڤیلی هەولێری هۆلاكۆ بەزێن.

ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، وێرای ئیدانەکردنی ئەو كردەوە تیرۆرستیە قێزەونە، داوا  لە حكومەتی فیدراڵی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەروشیانەوە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا دەكەین، سەرەڕای ئیدانەكردنی ئەم كردەوە دوژمنكارانە بەپەلە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بکەن و لایەنی بەرپرسیار بەگوێرەی یاسا بەسزای پێویست بگەیەندرێت. بەداخەوە ئەم كردەوانە بۆ چەندەمین جارە دووبارە دەبنەوە و لە ئاكامی بەسزا نەگەیاندنیان، تاقمە تێکدەرەکان جورئەتی ئەوە پەیدا دەكەن لەسەر كارە تیرۆریستیەكانیان بەردەوام بن.

شاراوەنیە و بەڕوونی دەزانین کە عەقلیەتی ئەم جۆرە تاقمە فاشیست و دوور لە هزری سەردەمیانە، چاویان بە پێشكەوتن و ئارامی و خۆش ژیانی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان هەڵنایە و، پێیان قبوڵ ناكرێ‌ پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی لە كوردستان هەبێت و بەدەست لەپشت دراوی وەكو ئەڵقە لە گوێ‌ ئەوەی پێیان دەگوترێ‌ جێبەجێی دەكەن!..

هەموولایەك ئاگاداردەكەینەوە کە بەردەوامیدان بەم شێوە مامەڵەكردنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی، ئاكامی باشی نابێت و عێراق چەندە ناسەقامگیر و لە هەموو بوارەكاندا توشی ئاڵۆزی و تەنگەژە بووە، ئەم كردەوە تیرۆریستیانە زیاتر لە ناسەقامگیری و نائارامی دا نوقمی دەكەن.

سەرەڕای پشتیوانی تەواومان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و تەواوی دام و دەزگا بەرگری و ئەمنییەكان، رایدەگەیەنین کە تەواوی سەركردایەتی و كادیر و ئەندامانمان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و پایتەختی هەرێم وەك چۆن لە رابردوو شورەی پۆڵاین بووین لەمەودواش لەسەر هەمان رێباز و باوەڕ پارێزگاری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و حكومەت و دانیشتوانەكەی دەكەین.

مەحمود محەمەد
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
١٦ـی شوباتی ٢٠٢١

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.