Erbil 38°C شەممە 23 ئایار 09:06

وەزیری شارەوانی بەدواداچوون بۆ ڕەوشی خزمەتگوزارییەکان لە شارۆچکەی عەنکاوە ده‌کات

کوردستان TV
100%


ساسان عەونی: بەگوێرەی یاسا و ڕێنماییەكان ئاستی خزمەتگوزارییەكان لە شارۆچكەی عەنكاوە بەرز دەكەینەوە و كار بۆ رێكخستنەوەی داهات و پێكهێنانی ئەنجوومەنی شارەوانیی عەنكاوە دەكەین.
له‌راگه‌یاندراوێكدا وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شت و گوزاری هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌: شەوی رابردوو، رێككەوتی 2/6/2021، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ڕەوشی خزمەتگوزارییەكان، سەردانی شارۆچكەی عەنكاوەی كرد و لەلایەن بەڕێوەبەری ناحیەی شارۆچكەكە و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی حكومی پێشوازی لێ كرا، رەوشی خزمەتگوزاری و پێكهێنانی ئەنجوومەنی شارەوانی و رێكخستنەوەی داهات تاوتوێ كرا، پاشان چەند شوێنێكی شارۆچكەكەی بەسەركردەوە.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە هەریەكە لە بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، سەرۆكی شارەوانی و بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی عەنكاوە ئامادەی بوون، ڕەوشی خزمەتگوزارییەكان لە سێكتەرەكانی شارەوانی، ئاو و ئاوەڕۆ، گەشتیاری، رێكخستنەوەی داهات و جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری گفتوگۆیان لەبارەوە كرا. تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە پرسی پێكێنانی ئەنجوومەنی شارەوانیی عەنكاوە بوو، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیشكی خستە سەر گرنگیی پێكهێنانی ئەنجوومەنی شارەوانیی عەنكاوە و لەم بارەیەوە جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە پەلە بكەن لە پێشكەشكردنی ناوەكان بە شێوەیەك كە رەچاوی تایبەتمەندی پێكهاتەی ئایینی لە شارۆچكەكە بكرێت، بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا لەپێناو بایەخدانی زیاتر بە جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان، ئەنجوومەنی شارەوانیی عەنكاوە پێكبهێنرێت.
وه‌زاره‌تی شاره‌وانی راشیده‌گه‌ێنێت: لە بەشێكی دیكەی گفتوگۆكاندا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی، باسی لە تایبەتمەندی شارۆچكەی عەنكاوە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە كرد بە تایبەتی لە ڕووی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی نەك تەنیا لەسەر ئاستی هەرێم، بەڵكوو لە ناوچەكەشدا نموونەیەكی زیندووە و بووەتە هێمای پێكەوەژیان، وێڕای جەختكردنەوەی لەسەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، وەزیری شارەوانی بە وردی بەدواداچوونی بۆ ئاستی خزمەتگوزارییەكانی شارۆچكەی عەنكاوە كرد و رایگەیاند بەگوێرەی یاسا و ڕێنماییەكان لە سێكتەرەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و نۆژەنكردنەوە و قیڕتاوكردنی شەقام و زیادكردنی سەوزایی و جێبەجێكردنی پرۆژەی هەمەجۆر ئاستی خزمەتگوزارییەكان لە عەنكاوە بەرز دەكەینەوە.


 شوان عه‌زیز
 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.