Erbil 38°C پێنجشەممە 19 شوبات 10:33

 لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەی کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی لە نەجەف پێکدەهێندرێت

کوردستان TV
100%

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی راگەیاند بەمەبەستی دیارییکردنی هۆکاری ئەو تەقینەوەیە کە لە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی سەربە فیرقەی ئیمام عەلی سەربە دەستەی حەشدی شەعبی لە پارێزگای نەجەف باشووری عێراق روویدا.

بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بڵاوکراوەتەوە، لیژنەکە لە هۆکاری تەقینەوەکە و دیارییکردنی بەرپرسیارانی دەکۆڵێتەوە لەگەڵ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە لەو رووداوەدا کەمتەرخەمبوونە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن شارەزایانی هونەریی لە شوێنی رووداوەکەوە ئاشکرا کراوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە تەقینەوەکە بەهۆی خراپ کۆگاکردن و بەرزی پلەی گەرماوە روویداوە.

ئەوەش ئاشکرا کراوە کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی بوونی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی لە نزیک شوێنی رووداوەکە لە پارێزگای نەجەف تۆمارنەکردووە.

پێشتر فەرماندەیی فیرقەی ئیمام عەلی سەربە دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاندبوو، "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراوی دوژمن سەربازگەیەکی سەربە فیرقەکەی لە پارێزگای نەجەف کردووەتە ئامانج".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدرابوو کە لە کاتژمێر 3:30ی ئێوارەی رۆژی دووشەممە، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە نەناسراوەکە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی لە سەربازگەی دیوک کردووەتەوە ئامانج و لە کاتژمێر 5:30ی ئێوارەی هەمان رۆژ جارێکی دیکە هەمان شوێنی بۆردومان کردووەتەوە.

ئەوەش خرابووەڕوو کە فڕۆکەکە لە بەرەبەیانییەوە بە ئاسماندا سوڕاوەتەوە و چاودێری ئەو ناوچەیەی کردووە.

بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی کە لە میدیاکانی عێراقدا بڵاوکرابوونەوە، لە ئاکامی بۆردومانەکاندا دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە و دووکەڵی چڕ و بەرز بە ئاسمانی ناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە.

فەرماندەیی فیرقەی ئیمام عەلی سەربە دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکی دیکە ئاماژەی بەوەکردبوو کە لەو رووداوەدا سێ چەکداریان برینداربوونە و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.