ھێزەکانی دژەتیرۆری عێراق لە میانی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆندا، 14 تیرۆریستی داعشیان لە ژمارەیەک پارێزگای ئەو وڵاتە دەستگیر کرد.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسول لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزەکانی دژەتیرۆری عێراق لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا، گەورە تیرۆریستێکی داعشیان بەناوی ئەبو مەعاز لەگەڵ سێ تیرۆریستی دیکەدا لە ناوچەی لەتیفییە باشووری پارێزگای بەغدا، دەستگیرکردووە.
لیوا یەحیا رەسول باسی لەوەشکردووە کە ھەروەھا لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی دژەتیرۆری عێراقدا، شەش تیرۆریستی داعش لە پارێزگای ئەنبار، دەستگیرکراون.
راشیگەیاندووە کە پشت بەستن بە زانیاریە ھەواڵگرییەکان، ھێزەکانی دژەتیرۆری عێراق لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا تیرۆریستێکی داعشیان لە پارێزگای دیالە دەستگیرکردووە کە ھەوڵیدابوو ژمارەیەک تاوەری گواستنەوەی کارەبا لە پارێزگاکە بتەقێنیتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی ھێزەکانی دژەتیرۆردا، تیرۆریستێکی داعش لە باکووری پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیرکراوە.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسول ئاشکراشیکردووە کە ھێزەکانی دژەتیرۆری عێراق بە ھەماھەنگیی لەگەڵ ھێزەکانی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، دوو گەورە تیرۆریستی داعشیان بە ناوەکانی ئەبو عەلی و ئەبو خەنسا دەستگیرکردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.