کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند کە ھەر کەسێک بەتۆمەتی ھێرشکردنە سەر گردبوونەوەکانی تایبەت بە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان دەستگیر بکرێت، بەند دەکرێت یان سزای دارایی دەدرێت.
یاریدەدەری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، نیبراس ئەبو سۆدە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە دا کە ھێرشکردنە سەر بانگەشەکانی ھەڵبژاردن، بە تاوانی ھەڵبژاردن ھەژمار دەکرێت و ئەنجامدەرانی رەوانەی دادگای تایبەتمەند دەکرێن.
نیبراس ئەبو سۆدە روونیکردەوە، ھەر کەسێک بەتۆمەتی ھێرشکردنە سەر گردبوونەوەکانی تایبەت بە بانگەشەکانی ھەڵبژاردنەکان دەستگیر بکرێت، بەند دەکرێت یان سزای دارایی دەدرێت و گوتی: "سزای بەندکردنەکە لەنێوان یەک مانگ بۆ یەک ساڵ دەبێت و سزا داراییەکەیش لە یەک ملیۆن دینار بۆ پێنج ملیۆن دینار دەبێت".
ئەمەیش دوای ئەوە دێت دوو رۆژ لەمەوبەر، میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردبوویەوە کە ژمارەیەک چەکداری نەناسراو تەقەیان لە گردبوونەوەیەکی بانگەشەکانی ھەڵبژاردنەکانی ھاوپەیمانیی عەزم، بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر لە قەزای ئەبو غرێب باشووری بەغدا کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.