ڕۆژی سێشەممە، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کردنەوەی بنکەی بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی بەدواداچوون و دەستگیرکردنی تاوانبارانی ڕاگەیاند.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگاکانی دیکە.
ڕێبەر ئەحمەد وتیشی، پێویستە ئەم ئەزموونە لە هەموو پارێزگاکانی دیکە جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی تاوانباران لە هەرێمی کوردستان شوێنیان نەبێتەوە.
وەزیری ناوخۆ ڕوونیکردەوە، ئەم سیستەمە هاوکارێکی باشی داگەکان دەبێت، داوا لە دادگەکانیش دەکەین هاوکارێکی باشی هێزە ئەمنییەکان بن.
ڕێبەر ئەحمەد لە کۆنگرەکەدا دەڵێت: داوا لە هەموو کەس و لایەنێک دەکەم لە ژێر هەر ناوێکدابن و هەر کەسێک بن داڵدەی تاوانباران نەدەن لە پێناو هێنانە دی سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەشدا وەزیری ناوخۆ، داوای لە هاووڵاتییان کرد هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بن، لە کاتی بینینی هەر سەرپێچییەک هێزە ئەمنییەکانی لێ ئاگاداربکرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.