بەردی بناغەی پڕۆژەی سەنتەری تۆمارکردنی ئاوارە و پەنابەران لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دانرا ، سەنتەرەکە بۆ ئاسانکاری زیاترە بۆ پەنابەران.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی ئەیلوولی 2021، بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، کونسوڵی کوێت و نوێنەرانی ڕێکخراوی UNHCR بەردی بناغەی پڕۆژەی سەنتەری تۆمارکردنی ئاوارە و پەنابەران لە هەولێر دانرا.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سوپاسی کونسوڵخانەی کوێت و ڕێکخراوی UNHCRـی کرد لە بەرامبەر هەماهەنگی و هاوکارییەکانیان لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی و هاوکارییەکانمان لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت ڕێکخراوی ناوبراو.
ڕێبەر ئەحمەد ڕایدەگەیەنێت، ئێستا نزیکەی 1 ملیۆن پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن، کە لەوانە 250 هەزارییان هاووڵاتی سوورین، گوتیشی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ UN و وڵاتانی کۆمەک بەخش هەموو ئاسانکارییەک دەکات بۆشوێنکردنەوەی پەنابەران و پێسکەشکردنی خزمەتگوزاری، هیواخوازیشین بە ئارامبوونەوەی ناوچەکەنیان."
ڕاشیگەیاند، ساردی هەیە لە پێشکەشکردنی هاوکاری لەلایەن وڵاتانی کۆمەک بەخش، بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و وڵاتانی کۆمەک بەخش و حکوومەتی فیدڕاڵ هاوکاری زیاترمان بکەن بۆ ئەوەی ئەرکی خۆمان بەرامبەر بە ئاوارەکان جێبەجێ بکەین.
سەبارەت بە دروستکردنی ئەو سەنتەرەی تۆمارکردنی ئاوارە و پەنابەران، وەزیری ناوخۆ گوتی، سەنتەرەکە بۆ ئاسانکاری زیاترە بۆ پەنابەران، لەم سەنتەرەدا هەموو ئۆرگان و فەرمانگەکان لە یەک شوێن کۆدەکرێنەوە بۆ تۆمارکردنی ئاوارەکان.
ئا. عەبدوڵڵا ئازاد
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.