نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23/9/2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە خاتوو ماری پارێ بەرپرسی ئۆفێسی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا نێچیرڤان پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە خاتوو پارێ كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی نوێیدا بۆ خواست، هەروەها جەختى لە خواستى پتەوكردنی بوارەکانى هاریکارى و پەیوەندییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ یەكێتیی ئەورووپا کردەوە و دوایین سەردانى جۆزێف بۆرێل بەرپرسیاری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەكێتیی ئەورووپاى بۆ عیراق و هەرێمى کوردستان بە گرنگ لە قەڵەم دا.
لای خۆیەوە خاتوو پارێ پوختەیەكی لە كار و چالاكییەكانی یەكێتیی ئەورووپاى لە عیراق و هەرێمی كوردستان خستەڕوو، هەروەها سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە كاتی سەردانیدا بۆ هەرێمی كوردستان لەجۆزێف بۆرێل بەرپرسیاری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەكێتیی ئەورووپا كرا و گوتى بۆرێل بە پەرۆشەوە چاوەڕێیە لە برووکسل دیدار و کۆبووەنەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى ئەنجام بدات.
تاوتوێكردنی هەڵبژاردن و پێشبینییەکان بۆ داهاتووى عیراق، ڕۆڵی یەكێتیی ئەورووپا لە دابینكردنی تیمی چاودێری بۆ هەڵبژاردن، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا و گرنگیى چارەسەرکردنى کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور، پرسی گۆڕانكاریی كەشوهەوا و كاریگەری لەسەر عیراق و هەرێمی كوردستان و سوودمەندبوونی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەكانی یەكێتیی ئەورووپا لەمابەرەیەوە، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.