نێچیرڤان بارزانى جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان داواى لە جەماوەر و لایەنگرانى پارتى کرد کە هەموو پێکەوە کار بکەن و هەوڵ بدەن بۆ ئەوەى لە هەڵبژاردنى 10ى ئۆکتۆبەرى داهاتوودا بۆ ئەنجوومەنى نوێنەرانى عیراق، کاندیدانى پارتى دیموکراتى کوردستان زۆرترین سەرکەوتن بە دەست بهێنن و ژمارەیەکى زۆرى کورسییەکانى پەرلەمانى عیراق ببنەوە.
لە وتارێکیدا لە هەولێر بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن لە سنوورى پارێزگاکە، ئەمڕۆ یەکشەممە نێچیرڤان بارزانى لەبەردەم کادیران و ئەندامانى پارتى دووپاتى کردەوە کە سەرکەوتن و بەهێزیى پارتى دیموکراتى کوردستان لە هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عیراقدا گەرەنتیى ماف و دەسکەوتەکانى هەرێمى کوردستانە و گوتى: بەهێزیى پارتى، واتە بەهێزیى هەرێمى کوردستان.
نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە هێزى پارتى لە سەرۆک و سەرکردایەتى و لە کادیران و جەماوەرى دڵسۆزییەوە سەرچاوەى گرتووە و گیان و خوێنى پاکى شەهیدان و تێکۆشان و خەبات و ماندووبوونى پێشمەرگە و قوربانیدانى ئەندام و لایەنگران و جەماوەرەکەى، بە هێزى لەبن نەهاتووى پارتى لە قەڵەم دا و گوتى: تا پارتى خاوەنى ئەو جەماوەرە دڵسۆزە بێت، هەمیشە سەرکەوتوو دەبێت، هەر ئەوەش پێگەى بەهێزى لە کوردستان و عیراق و لە دەرەوەش بە پارتى داوە.
جێگرى سەرۆکى پارتى گوتى: پارتى خاوەنى ئەزموون و حوکمڕانییەکى دەوڵەمەندە و زۆر دەسکەوتى گەورەى بۆ گەلى کوردستان بە دەستهێناوە و هەمیشە بەرگرى لە دەسکەوتەکانى کوردستان کردووە، بۆیە کاندیدى پارتى دەبێ لە ئاستێکى بەرزدا بانگەشەى هەڵبژاردن بکات و دەتوانێ بە متمانە و بە دەستى پڕەوە داواى دەنگ لە هاووڵاتی بکات، بۆیە نابێ کاندیدى پارتى خۆى خەریکى وەڵامدانەوەى قسە و بانگەشەى هیچ کەس و لایەنێک بکات.
لە کۆتاییدا نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە ئەرکى پارتى خزمەتکردنى خەڵکى کوردستانە و پارتى بەهێزەوە دەچێتەوە بەغدا بۆ ئەوەى بەرگرى لە ماف و دەسکەوت و شایستەکانى خەڵکى کوردستان بکات و خزمەت و ئاوەدانى و پێشکەوتنى زیاتر و داهاتوویەکى باشتر بۆ کوردستان مسۆگەر بکات، بۆیە پابەندیى جەماوەرى پارتى بە نەخشەى دەنگدان و بەشداریى هەمووان و تەنانەت یەک تاقە دەنگیشى بە گرینگزانى و داواى کرد ڕۆژى دەنگدان هەمووان پێکەوە بچنە سەر سندووقەکانى دەنگدان و دەنگ بە کاندیدانى پارتى دیموکراتى کوردستان بدەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.