Erbil 38°C یەکشەممە 16 ئاب 16:24

مه‌سرور بارزانی پێشوازی لە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی وڵاتان سه‌باره‌ت به‌ هەڵبژاردنی عێراق ده‌کات

کوردستان TV
100%

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ چوارشه‌می هاوبەشەکانی عێراق دەکات سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق كه‌ بڕیاره‌ ڕۆژی یه‌كشه‌می داهاتوو به‌ڕێوه‌ بچێت.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:
 

پێشوازی لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆی هاوبەشەکانی عێراق دەکەم سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق.

هەروەها بە گەرمی پێشوازی لە پشتیوانی دۆست و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەم بۆ ئاسانکاریکردن لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و باوەڕپێکراو بە تایبەتی ناردنی چاودێرانی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (UNAMI) و یەکێتی ئەوروپا و لایەنەکانی تر.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەدات کە ئازادی گەڕان و هاتووچۆی تیمی چاودێرانی نێودەوڵەتیی دابین دەکات و هانیان دەدات کە لە ناوچە جیاوازەکانی عیراق، چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بکەن، لەنێویشیاندا ناوچە جێناکۆکەکان، ئەم پشتیوانییەش زۆر گرینگە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.

گرینگە کاندیدەکان بەبێ ترس و دوور لە توندوتیژی و تۆقاندن و بە ئازادی کەمپین بکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجامێکی دیموکراتییانەی ڕاستەقینەی بۆ هەموو عێراقییەکان و دۆستەکانی عێراق لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێ بەرهەم بێت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان خوازیارە دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردن، تیمی چاودێرانی نێودەوڵەتیی و هاوبەشەکانمان ڕاسپاردەی پێویست بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لە سەرتاسەری عێراقدا پێشکەش بکەن .

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.