گوتەبێژی پارتی ڕایگهیاند، پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کوردستانە و داوا لە لایەن و پێکهاتەکانی دیکە دەکات نەبنە لایەنگر لەدانانی پۆستی سەرۆک کۆمار.
ئەمڕۆ چوارشەممە لە چوارچێوەی سەردانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ لای لایەنەکان بە مەبەستی دروستکردنی یەکڕیزی و پێکەوەیی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی حیزبی زەحمەتکێشانی کرد و کۆبوونەوە.
لە دوای کۆبوونەوەکە ههردوولا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا، مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: سەردانەکەمان لە چوارچێوەی ئەو سەردانانەیە بۆ لای ئەو لایەنانەی کوردستان کە لە چوارچێوەی سیاسی کوردستان بوونیان هەیە بە مەبەستی دروستکردنی یەکڕیزی و پێکەوەیی نێو ماڵی کورد.
مەحموود محەمەد گوتی: ڕاستە ئێمە ڕکابەری یەکترین لەسەر ئەوەی ڕێگەی جیاوازمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام هاوبەشی لەنێوانماندا هەیە و بابەتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان پێویستە کۆکراوەی هەموومان بێت.
هەروەها گوتیشی: ئەگەر ناوخۆی ماڵی کوردستان یەکڕیز بێت ئەو دەستانەی دەیانەوێ درز دروستبکەن ناتوانن، لە ڕابردوودا لایەنی دژ بە مافەکانی ئێمە توانییان هەندێک خەڵک ئاراستە بکەن بۆ ئەوەی دژ بە مافەکەنیان قسە بکەن، ئێمە نامانەوێت جارێکی دیکە ئەوە ڕووبداتەوە، بەڵکو دەمانەوێ لەگەڵ هەموو لایەنەکان وڵات بەڕێوە ببەین. هەروەها گوتیشی، چارەسەرکردنی کێشەکان پێویستی بە هێزێکی زۆر هەیە.
گوتەبێژی پارتی سەبارەت به یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان گوتی: تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە لەسەر پۆستەکان، ئەوەی تاوەکو ئێستا لای پارتی ڕوونە ئەوەیە کە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کوردە، بۆ کێ دەبێت ئەوە پێویستە قسەی لەسەر بکرێت، بەڵام نابێت بۆ حزبێک بە میرات بێت، بەڵکو پێویستە بە ڕێککەوتن بێت.
سەبارەت بە ڕێککەوتنیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، مەحموود محەمەد گوتی: ڕێککەوتنێکی نەنووسراو لەلایەن سێ پێکهاتەی عێراقی کراوە، ئەویش لەلایەن کورد و سووننە و شیعە، پۆستەکانی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان لەنێوان پێکهاتەکان دابەشکراوە، پێمان باشە هیچ کەسێک لە ئێمە قسە لەسەر دانانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران نەکات کە بۆ کێ دەبێت، هەروەها ئەوانیش نهبنه تهڕهف لە دانانی پۆستی سەرۆک کۆمار.
له كۆتاییدا گوتەبێژی پارتی گوتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەو لایەنەی عێراق ڕێک دەکەوێت کە لەگەڵ کارنامەی پارتییەوە ڕێک بکەوێت و هەروەها لەسەر ئەوەش دەوەستێ کە ئەو لایەنە دەستوور چۆن جێبەجێ دەکات.
گوتەبێژی پارتی: نابێت پۆستی سەرۆک کۆمار بە میرات بۆ حزبێک بێت
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.