Erbil 38°C پێنجشەممە 13 ئاب 07:15

له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا تاوتوێی کاره‌با و گرانبوونی نرخی سووته‌مه‌نی کرا

کوردستان TV
100%

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان كۆبووه‌وه‌ و چه‌ند بڕیارێكی ده‌كرد سه‌باره‌ت به‌ داشکاندنی ڕێژەی 15٪ ی قەرزی کرێی کارەبا تا کۆتایی ئەمساڵ، ئاماژە بەوە کرا كه‌ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە دوا هەنگاودایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نرخی سوتەمەنی. 
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2021، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوە چوو. 
دەقی ڕاگەیاندراوی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ:
• ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە داشکاندنی ڕێژەی 15٪ی قەرزی کرێی کارەبا و سزادانی دواکەوتن و سەرپێچی کارەبا، بۆ ئەو هاووڵاتییانەی تا کۆتایی ئەمساڵ بڕی پارەی پێویست دەدەن کە لە ئەستۆیانە.
• ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد ئاسانکاریی تەواو بکەن و مۆڵەت بدەن بە هەموو ئەو کەس و کۆمپانیایانەی کە ئامادەن سووتەمەنی بە نرخی گونجاو هاوردەی هەرێم بکەن بە مەرجی پابەندبوون بە پێوەرەکانی کوالێتی سووتەمەنی هاوردەکراو و سەلامەتی و تەندروستیی گشتيی هاووڵاتییان.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، کەمال محەمەد وەزیری کارەبا ڕاپۆرتێکی دەربارەی هەنگاو و پڕۆژەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ ڕێکخستنەوەی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان و بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکان خستەڕوو، هەروەها باسی لەو پڕۆژانە کرد کە تایبەتن بە هاوبەشيپێکردنی کەرتی تایبەت لە قۆناغەکانی دابەشکردن و گواستنەوەی کارەبا و کۆکردنەوەی داهاتی کارەبا. 
ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری کارەبا و وەزارەتەکەی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی کەرتی کارەبا لەم کابینەیە و زیادکردنی دەمژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی کارەبای ڕاسپارد کە ئامادەسازیی بکەن بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا بۆ هاووڵاتییان لە وەرزی سەرما و کۆنتڕۆڵکردنی بەفیڕۆچوونی کارەبای بەرهەمهاتوو، کارئاسانییەک بۆ هاووڵاتییان لە سەر پێشنیاری ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە داشکاندنی ڕێژەی 15٪ی قەرزی کرێی کارەبا و سزادانی دواکەوتن و سەرپێچی کارەبا بۆ ئەو هاووڵاتییانەی تا رێککەوتی 2021/12/31 بڕی پارەی پێویست دەدەن کە لە ئەستۆیانە، بڕیارەکەش لە 1ی نۆڤێمبەرەوە 11/1 جێبەجێ دەکرێت. 
ئەنجوومەنی وەزیران جەختیشی کردەوە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کار بکات بۆ کۆتاییهێنان بە سووتاندنی ئەو غازەی کە هاوەڵی نەوتی بەرهەمهاتووە لە کێڵگە نەوتییەکان  و پێویستە بەکاربهێنرێتەوە وەک سەرچاوەی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتێک لەلایەن سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی کە تایبەت بوو بە دوا ئامارەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و ڕێژەی کوتانی هاووڵاتییان بە ڤاکسین، بە تایبەتیش فەرمانبەران و مامۆستایان. هەروەها خستنەڕووی بڕیارەکانی دوا کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبه‌ڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە چاوەڕوانی هەڵکشانێکی دیکەی ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان کە شەپۆلی چوارەمە و پێشبینی دەکرێت لە مانگی داهاتووەوە دەست پێ بکات. 
بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانی لە بڕیارەکانی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا دەکات و وەزارەتەکانی ڕاسپارد بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات پابەندبن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان و خۆکوتاندن بە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا کە تا ئێستا ڕێژەی کوتانەکە وەک پێویست نییە و دەبێت فەرمانبەران و کارمەندانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ئەمساڵ ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە خۆیان بدەن و بەستنی ماسکیش لە شوێنە گشتییەکان ئیجباری دەبێت. داواش لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرا کە بەردەوامبن لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و هاندانی هاووڵاتییان بۆ پابەندبوون بە ڕێنماییەکان و خۆپارێزی و سەردانی بنکەکانی لێدانی ڤاکسین بۆ وەرگرتنی ڤاکسین.
لە بڕگەی کۆتاییدا کەمال ئەترووشی وەزیری سامانە سروشتییەکان باسی لە دوا هەنگاوەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان كرد بۆ چارەسەرکردنی بابەتی گرانبوونی نرخی سووتەمەنییەکان لە هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لە گەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ.
ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد کە لە هەوڵەکانیان بەردەوامبن بۆ چارەسەری ئەم بابەتە، هەروەها وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیشی ڕاسپارد کە ئاسانکاریی تەواو بکەن و مۆڵەت بدەن بۆ ئەو کەس و کۆمپانیایانەی کە ئامادەن سووتەمەنی بە نرخی گونجاو هاوردەی هەرێم بکەن بە مەرجی پابەندبوون بە پێوەرەکانی کوالێتی سووتەمەنی هاوردەکراو و سەلامەتی و تەندروستیی گشتیی هاووڵاتییان.
سەبارەت بە نەوتی سپیش، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد کە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە و پەلە بکەن لە گەیاندنی نەوتی سپی بە ناوچە شاخاوی و ساردەکان پێش هاتنی سەرمای زستان و پەلەکردن لە دابەشکردنی ئەو نەوتە سپییەی ئێستا لە بەردەستی وەزارەتە و لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە کڕدراوە، ئەمە سەرەڕای هەماهەنگيكردن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی، هەروەها وەزارەتی دارایی و ئابووریش ڕاسپێردرا بۆ تەرخانکردنی پارەی پێویست بۆ پشتیوانی دابینکردنی نەوتی سپی تا بە نرخێکی گونجاو بگاتە دەستی هاووڵاتیيان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.