حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێک سەبارەت بە هێرشەکەی شەوی ڕابردووی تیرۆرستانی داعش بڵاو دەکاتەوە و ڕای دەگەیەنێت، هێرشە بەردەوامەکانی تیرۆرستانی داعش بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە هێشتا ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە هەڕەشەیە لەسەر تەواوی عێراق.
ئەمڕۆ یەکشەممە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو تیرۆرستانی داعش لە ناوچەى زوڕگەزراو لە سنووری میحوەری کەرکووک، هێرشێکی ترسنۆکانەیان کردە سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە داخەوە دوو پێشمەرگەی قارەمان بە ناوەکانی خالید حەمید هەیاس و ئاکۆ کەریم قادر شەهید بوون.
هەروەها لە پەیامەکەدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدەکان دەکات و تێیدا هاتووە: لێرەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هەردوو شەهید دەکەین و لە خوای مەزن داواکارین سەبووریان بدات.
ڕاشیگەیاند: هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەلماندوویەتی تاکە هێزی متمانەپێکراو و پارێزەری دانیشتووانی ئەم ناوچانەیە و ئەو ھێزەیە کە لە ھەر جێگایەکدا بێت ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش ناتوانێت تێیدا بمێنێتەوە، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لە گرنگی و پێویستی زیاتری هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.
هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەدا ڕایگەیاند: هێرشە بەردەوامەکانی تیرۆرستانی داعش لەو ناوچانەش دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە هێشتا ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە ھەڕەشەیە لەسەر تەواوی عێراق و پێویستە هەموولایەکمان کار بکەین بۆ ڕیشەکێشکردن و کۆتاییهێنان بەو هەڕەشەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.