وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری پارێزگای نەینەوا بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.
کاتژمێر 6:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە هێزەکانی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سەربازییان دەستپێکرد و لە کاتژمێر 12:30هەردوو هێزەکە لەنێوان بۆشاییە ئەمنیەکانی نێوان میحوەرەکانی یەک و دووی ئۆپەراسیۆن بەیەک گەیشتن.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند: لەمیانی بەیەکگەیشتنەکەدا بەئامادەبوونی فەرماندەی هێزەکانی فەرەنسا لەعێراق، دیدارێکی هاوبەش لەنێوان فەرماندەی میحوەری (مەخمورـ دیبەگە)و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی (نەینەوا) بەڕێوەچوو.
ڕاشیگەیاند: ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتیوانی هێزی ئاسمانیی عێراقی و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکانی کوشافی سەروو و کوشافی خواروو ئەنجام درا تیاییدا ناوچەکە لەپاشماوەکانی داعش و تیرۆریستان، کە دەکەونە سنووری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بەتەواوی پشکنران و پاککرانەوە.
هەروەها ڕایگەیاند: بەشێکی تری ئۆپەراسیۆنەکە پاککردنەوەی ئەو دوورگە ناوەندییە دووردەستانە بوون، کە کەوتوونەتە سەر زێی گەورە و تیرۆریستان وەک مۆڵگەی خۆیان بەکاریان دەهێنا.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕاشیگەیاند: لە دوایین دیدارە بەردەوامەکانی وەفدی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەرکان و وەفدی باڵای عێراقی بەسەرۆکایەتی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان، هێزەکان ئەرکدار دەکرێن بە پاراستنی ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە. کە بەهاوبەشی هێزی پێشمەرگەو سوپای عیراق بپارێزرێت.
جێی باسە ئەمە یەکەمین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراقە کە لەو ناوچانە ئەنجامبدرێت، ئەمەش دوای گەیشتنە ڕێککەوتنی نێوان هێزی پێشمەرگه و سوپای عێراق دێت لە دروستکردنی بنکەی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەولێر ـ بەغدا و چوار بنکەی هاوبەشی تر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.