نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، مستەفا کازمی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە جێنشینی سعوودیە، شازادە محەمەد بن سەلمان-ەوە پێگەیشتووە.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، محەمەد بن سەلمان بەناوی وڵاتەکەیەوە سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی مستەفا کازمی کردووە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە محەمەد بن سەلمان سڵاو و رێزی شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیزی گەیاندووەتە مستەفا کازمی و پیرۆزبایی لێکردووە بەبۆنەی بەسەلامەتی رزگاربوونی لە هەوڵی تیرۆرکردنیدا، هاوکات جەختی لە پەرۆشی سعوودیە لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق کردەوە و هاوسۆزیی لەگەڵ حکوومەت و گەڵی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکاندا نيشانداوە.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، ھێرش کرایە سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا و ناوبراو بێ ئەوەی بریندار بێت لە ھێرشەکە رزگاری بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.