ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەحمەد ئەمجەد عەلی باڵیۆزی پاکستان لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا، باڵیۆزی پاکستان سڵاو و ڕێزی سەرکردایەتیی پاکستانی بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند و خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی هەمەلایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی بە تایبەتی لە بواری وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بەخشینی سکۆڵەرشیپ (زەمالەی خوێندن) بۆ قوتابییانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی پاکستاندا.
باڵیۆزی پاکستان هەروەها بە پێزانینەوە ئاماژەی بە پێشکەوتن و ئاوەدانی و پێگەی گرینگیی هەرێمی کوردستان کرد وەک فاکتەرێکی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا .
سەرۆکی حکوومەت وێڕای جەختکردنەوە لە ئامادەیی هەرێمی کوردستان بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ پاکستان، باسی لە کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و پێشکەشکردنی کارئاسانی پێویست بۆ وەبەرهێنەران.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها دەرفەتەکانی کار و هەماهەنگیی هاوبەش بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولان، تاوتوێ کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.