عێراق، بەھۆی قەیرانی کۆچبەرانی نایاسایی سەر سنووری بێلاڕووس- پۆڵەندا، مۆڵەتی کارکردنی کۆنسوڵخانەی فەخریی بێلاڕووسى لە بەغدا ھەڵوەشاندەوە.
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمیی عێراق، گوتی: " بەشێوەیەکی کاتی مۆڵەتی کارکردنی کۆنسوڵخانەی فەخریی بێلاڕووس لە بەغدا ھەڵوەشێندراوەتەوە."
سەحاف، گوتیشی: "ئەم ھەنگاوە بۆ پاراستنی ھاووڵاتیانی عێراق لە قاچاخچێتی مرۆڤ لە بێلاڕووسەوە بۆ پۆڵەندا نراوە".
ئەحمەد سەحاف، ئاماژەی بەوەش کرد کە گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی نێوان عێراق و بێلاڕووس راگیراوە و گوتی: "باڵیۆزخانەکانی عێراق لە مۆسکۆ (رووسیا) و وارشۆ (پۆڵەندا) کار لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە لەسەر سنووری بێلاڕووس-پۆڵەندا گیریانخواردووە دەکەن".
لەوە پێش سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، ماتیوس مۆراڤیسکی دەربارەی ئەو قەیرانەی کۆچبەران کە لەسەر سنووری وڵاتەکەی دروست بووە، باسی لەوە کرد کە سەرکۆماری بیلاڕووس، ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ فەرمانەکانی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین جێبەجێ دەکات.
بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو لێشاوەی کۆچ کە لەسەر سنووری بێلاڕووس-پۆڵەندا دروست بووە، پەرلەمانی پۆڵەندا بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەیەکی نائاسایی رێکخست.
سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، ماتیوس مۆراڤیسکی لە میانی کۆبوونەوەکەدا، باسی لەوە کرد کە لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا، ئەمە جاری یەکەمە ئاسایش و سنوورەکانی وڵاتەکەی رووبەڕووی پەلامارێکی لەوشێوەیە ببنەوە.
مۆراڤسکی بانگەشەی ئەوەشی کرد کە رووسیا پەیڕەوی لە سیاسەتی ئیمپراتۆرییەت دەکات و گوتی: "سەرکۆماری بیلاڕووس، ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ لە قۆناغی قەیرانی کۆچبەراندا، فەرمانەکانی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین جێبەجێ دەکات".
لای خۆشییەوە وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا، ماریوس کامینسکی ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەئێستادا، دوو بۆ چوار هەزار کۆچبەر لەسەر سنوورەکانی بیلاڕووس-پۆڵەندا هەن.
کامینسکی جەختی لەوەش کردەوە کە پۆڵەندا نابێتە رێڕەوی کۆچبەران و گوتی: "رووسیا لەڕێی ورووژاندنی قەیرانێکی نوێی کۆچەوە دەیەوێت رۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئەورووپا، تەنانەت هەموو یەکێتیی ئەورووپا دووچاری ناسەقامگیری بکات. ئامانج لەم سیاسەتەی ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ ئەوەیە وا لە ئەورووپا بکات دان بە هێز و دەسەڵاتیدا بنێت و سزاکان لەسەری هەڵبگرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.