کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند کە چاوەڕوان دەکرێت لە میانی ئەم ھەفتەیەدا، دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان، پێداچوونەوە بەسەرجەم ئەو تانانە تەواو بکات کە لەلایەن ژمارەیەک لایەنی ناڕەزایی لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان پێشکەش کراون.
حەسەن سەلمان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، کۆمیسیۆن دوای یەکلاییکردنەوەی سەرجەم ئەو تانانەی کە لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان پێشکەش کرابوون، تانەکانی رەوانەی دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان کرد، تا دەستەی ناوبراو لە میانی 10 رۆژدا، پێداچوونەوە بە تانەکان تەواو بکات.
حەسەن سەلمان گوتیشی: "چاوەڕوان دەکرێت لە میانی ئەم ھەفتەیەدا، دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان، پێداچوونەوە بەسەرجەم تانانەکان تەواو بکات".
رۆژی ھەشتی ئەم مانگە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاندبوو کە پێداچوونەوە بەسەرجەم ئەو تانە و بەڵگانەی کە لە چوارچێوەی پاشکۆی تانەکان لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشکەش کرابوون، کۆتایی ھاتووە و رەوانەی دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان کراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.