Erbil 38°C دووشەممە 16 شوبات 11:59

کۆمسیۆن: پرۆسەی دووبارە ژماردنی دەستی بۆ 108 وێستگه‌ ده‌ستی پێکرد

کوردستان TV
100%


کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند کە لەسەر بڕیاری دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان، پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست بۆ 108 وێستگەی ھەڵبژاردنەکان دەست پێ کردووە.
ئەندامی تیمی راگەیاندن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، عیماد جەمیل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان بڕیاری دا پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بۆ ژمارەیەک وێستگە ئەنجام بدرێتەوە و گوتی: بەیانی ئەمڕۆ دووشەممەیش کۆمیسیۆن پرۆسەکەی دەست پێ کردووە.
عیماد جەمیل باسی لەوەشکردووە، ژمارەی ئەو وێستگانەی کە پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بۆیان ئەنجام دەدرێتەوە، 108 وێستگەن و تایبەتن بە بەشی رەسافە رۆژھەڵاتی بەغدا.
رۆژی ھەشتی ئەم مانگە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاندبوو کە پێداچوونەوە بەسەرجەم ئەو تانە و بەڵگانەی کە لە چوارچێوەی پاشکۆی تانەکان لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشکەش کرابوون، کۆتایی ھاتووە و رەوانەی دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان کراوە.
دوێنێ یەکشەممە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاندبوو کە چاوەڕوان دەکرێت لە میانی ئەم ھەفتەیەدا، دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان، پێداچوونەوە بەسەرجەم ئەو تانانە تەواو بکات کە لەلایەن ژمارەیەک لایەنی ناڕەزایی لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان پێشکەش کراون.
 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.