بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بەڕێوەچوو، لە فێستیڤاڵەکەشدا مەسرور بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە سەرەتادا مەسرور بارزانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکە و بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد ڕایگەیاند: ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە گرینگن بۆ بەرەوپێشچوونی هونەر و کلتوور و بەرەوپێشبردنی هەرێمی کوردستان، جەختیشی لە گرینگی سینەما کردەوە.
مەسرور بارزانی هەروەها ڕایگەیاند: لە ڕێگەی سینەماوە دەتوانرێ چەندین پەیامی مرۆڤایەتی بگەیەنرێتە خەڵک و ڕۆڵ و گرینگی خۆی هەیە لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە، هەروەها دەتوانرێ لە ڕێگەی سینەماوە ئازارەکانی گەل نیشان بدرێت.
لە درێژەی قسەکانیدا مەسرور بارزانی ئازارەکانی گەلی کوردی بە نموونە هێنایەوە و گوتی: کوردستان تووشی چەندین تاوانی مەزنی مرۆڤایەتی و ڕاگواستن و لەناوبردن بووەتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو تاوانانە لە ڕێگەی سینەماوە وەکو پێویست ڕەنگی نەداوەتەوە، لە کاتێکدا دەکرێ ببن بە دەیان فیلمی کاریگەر و بەهێز.
هەروەها ئاماژەی بە جوگرافیا و ژینگەی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: ژینگە و جوگرافیای کوردستان شوێنێکی باشە بۆ وێنەگرتنی فیلم، هەروەها ئامادەکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی نیشان دا بۆ هەموو هاوکاری و پشتیوانییەکی سینەماکارە ناوخۆیی و بیانییەکان کە دەیانەوێ وێنەی فیلمەکانیان لە کوردستان تۆمار بکەن.
مەسرور بارزانی گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە بواری کلتووری و ڕۆشنبیری بە گشتی دووپات دەکاتەوە، لە ساڵی ڕابردوودا حکوومەت بەپێی ئیمکانییاتی بەردەست بەشێوەی ماددی و مەعنەوی هاوکاری سینەمای کردووە، ئێستاش بەهەمانشێوە حکوومەت ئامادەیە بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەو بوارەدا.
سەرۆکی حکوومەت لە کۆتایی گوتارەکەی هیوای سەرکەوتنی بۆ سینەماکاران خواست و رایگەیاند: هیوادارام مێژووی کوردستان بە باشی بگەیەنن بە هەموو جیهان و لەکاری خۆتان سەرکەوتووبن. جەختیشی لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکات بۆ بەرەوپێشبردنی بواری کلتووری لە هەرێمی کوردستاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.