تەندروستی هەولێر چەند ئارایشتگەیەک بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی تەندروستی دادەخات.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: بەڕێوەبەرایەتییەکەیان هەڵساوە بە سەردانیکردن و پشکنینی چەند ئارایشتگەیەک کە پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستی نەبوون و بەهۆی پابەندنەبوونیان بە مەرج و ڕێنماییەکانی تەندروستی و نەبوونی مۆڵەت و کارتی تەندروستی چەند ئارایشتگەیەک داخرا و بەشێکیشیان هۆشدارییان پێدرا.
هەروەها ڕایگەیاند: بەهۆی ھەبوونی ئامێر و کەل وپەلی تاتۆ و ئامێری لێزەر و ماددەی بەسەرچوو دوو ئارایشتگە داخران و چوار ئارایشتگەی دیکەش بەپێی یاسای تەندروستی گشتی سزای پێبژاردنیان بۆ دەکرێت، هەروەها چەند شوێنێکی دیکەش ھۆشداریان پێدرا.
ڕاشیگەیاند: ئامانج لە پشکنین و بەدواداچوونی تیمەکان لەپێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی ھاووڵاتییان و دڵنیابوونە لەجێبەجێ کردنی مەرج و ڕێنماییەکانی تەندروستی.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە تیمەکانیان بەردەوامن لە پشکنین وبەدواداچوون بۆ شوێنە گشتییەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.