رۆژی چوارشەممە دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد بەشداریی کرد لە پانێڵێکی تایبەت بە “جیاکارییەکانی جۆری کۆمەڵایەتی لەنێو یاساکان و پارێزگاریکردن لە ئافرەتان و کچان لە توندوتیژی.”
لە پانێڵەکەدا کە رێکخراوی تواناسازی ئافرەت لەژێر چاودێری ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان رێکی خستبوو، دکتۆر بەشیر حەداد باسی لە گرینگی ئەو پانێڵە و هۆکارەکانی بوونی توندوتیژی دژی ئافرەتان و چارەسەرەکانی لە کۆمەڵگەی کوردیدا کرد و جەختيشى كردەوه لەسەر گرینگى هەبوونى هۆشياريى ياسايى لهلاى تاکەكانى کۆمەڵگادا.
دکتۆر بەشیر حەداد لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوەدا کە لە دوای ساڵی 1991وە لە ھەرێمی کوردستان کاری زۆر باش لە بواری رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی کراوە و ھەرێمی کوردستان بووەتە نموونەیەکی جوان لە ناوچەکەکەدا.
حەداد ئاماژەشی بەوەدا کە لە عێراق له دوای ساڵی 2003 لە چەندین خولی پەرلەمان، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە یاسای پاراستنی خێزانی دەربچوێنرێت، چونکە ئیرادەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەناو پەرلەمان ھەیە کە رێگرە لە دەرچوونی ئەو یاسایە، لە کاتێکدا لە ھەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بەو بوارە ھەیە، بەڵام پێویستی بە ھەموارکردنەوە ھەیە.
دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژەشی دا لە پەرلەمانی عێراق ھەوڵدرا بۆ ھەموارکردنی مادەی 57 ى یاسای باری کەسێتی به پێچەوانەى بەرژەوەندييەكانى خێزان، بەڵام رێگریمان لێ کرد.
دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژەشی بەوەدا کە پێویستە بابەتی توندوتیژی خێزانى لە ناو ڕەشنووسی دەستووری داھاتووی ھەرێمی کوردستان جێگیر بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.