ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە عادل کەریم وەزیری کارەبای عێراق کرد..
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی گرنگیی پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی کرا، لە پێناو باشترکردنی دۆخی کارەبا لە ڕێگەی سوود وەگرتن لە توانا بەردەستەکانی هەردوولادا.
وەزیری کارەبای عێراق ستایشی ئەو پێشکەوتنانەی کرد کە لە هەرێمی کوردستاندا بەدەستهاتوون لە بواری بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا و ڕێگریکردن لە زێدەڕۆییەکانی سەر تۆڕی نیشتمانیی کارەبا و بەکارهێنانەوەی ئەو گازانەی لە کێڵگەکانی نەوت دەسووتێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا کە دەکرێ لە ناوچەکانی دیکەی عێراقیشدا سوودیان لێ وەربگیرێت.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی کارکردن لە سەر بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری بەتایبەتی لە بواری وزە کردەوە، بە جۆرێک کە سوود لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنانی وزە وەربگیرێت.
هەروەها دووپاتیشی کردەوە کە لە عێراق توانا و شارەزایی و سەرچاوەی باش ھەن کە ئەگەر بە باشی سوودیان لێ وەربگیرێت، عێراق دەتوانێت لە بەرهەمهێنانی کارەبادا، پشت بەخۆی ببەستێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.