سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەکانی دەست پێکرد و لەسەرەتاشدا لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بەریتانیا کۆدەبێتەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەریمی کوردستان لەگەڵ ستیڤن لەفگرۆڤ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بەریتانیا لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین کۆدەبێتەوە و تا ئێستاش کۆبوونەوەکە بەردەوامە.
بڕیارە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا چەندین کۆبوونەوە و دیداری گرینگ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکی و ئەوروپی و وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی ئەنجام بدات.
بەپێی زانیارییەکانی (کوردستان تیڤی) سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کۆڕبەندەکەدا کە ماوەی 3 ڕۆژ دەخایەنێت، بڕیارە لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمریکا، برێت مەکگۆرک نێردەی پێشووی سەرۆکی ئەمریکا، وەزیرەکانی دەرەوەی سعوودیە، ئوردن، یۆنان، ئەڵمانیا، وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری سەنگاپورە کۆببێتەوە.
هەروەها بڕیاروایە کاتژمێر 5:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام بدات.
ئەمڕۆ هەینی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بە یاوەری شاندێکی حکوومی بەرەو مەنامەی پایتەختی شانشینی بەحرەین بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی(دایەلۆگی مەنامە 2021) کە ڕۆژانی 19-21ی نۆڤێمبەر، بە ئامادەبوونی چەندین سیاسەتکار و بیرمەند و خاوەنکار و کەسایەتيی ناسراوی جیهانی بەڕێوە دەچێت و گفتوگۆ دەربارەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایش و بەرگری و کێشەکانی ناوچەکە و جیهان دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.