بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەریمی کوردستان لەبارەی کۆڕبەندەکەی مەنامە ڕایگەیاند، بەشداریکردنی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا نیشانەی پێگەی گرینگی هەرێمی کوردستانە لە بوارە جیاجیاکاندا.
سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەریمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین سەبارەت بە کۆڕبەندی مەنامە تایبەت بۆ (کوردستان تیڤی) قسەی کرد و گوتی: ئەم جۆرە کۆڕبەندانە گرینگی خۆیان هەیە و یەکێکە لەو کۆڕبەندە جیهانیانەی کە ژمارەیەکی زۆر لە بڕیاردەر و سیاسەتمەدار و شرۆڤەکار و خەڵکانی باڵادەست کە سیاسەتی نێودەوڵەتی دادەڕێژن یاخود کاریگەریان بەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە هەیە بەشداردەبن.
گوتیشی: بەشداربوونی شاندی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی نیشانەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستانیش لە ڕووی ئابووری و ئەمنی و ئاسایشەوە پێگەی خۆی هەیە لە عێراق و تەواوی ناوچەکەدا، لەسەر ئەو بنەمایەش شاندەکە بەشدارن بۆ گوێ بیستبوون لە ڕای بەشداربووان و لە هەمان کاتیش گوێگرتن لە هەڵوێست و سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەوانی دیکەوە کە بەشدارن لەسەر ئەو بابەتانەی بایەخی پێدەدەن.
هەروەها گوتی: کۆڕبەندەکە دەرفەتێکیشە بۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسانی بەحرەین، هەروەها لە بەرنامەدایە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەحرەین کۆببنەوە، بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا و قسەکردن لەسەر هەندێ خاڵی هاوبەش و دروستکردنی پەیوەندی بەهێز لە نێوان بەحرەین و وڵاتانی کەنداو بە گشتی.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم سەبارەت بەو تەوەرانەی کە بڕیارە لەو کۆڕبەندەدا باسی بکات، ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، ئەمن و ئاسایشی عێراق و ناوچەکە گرێدراوی یەکترن، بابەتی سەرەکی هەرێمی کوردستان سەقامگیری سیاسی و ئاسایش و پەرەپێدانی ئابووری لە بەرنامەی حکوومەتی هەرێم دەبێت، بۆ ئەوەی کاریگەریەکی پۆزەتیڤمان هەبێت.
لە درێژە قسەکانیدا گوتیشی: حکووتی هەرێمی کوردستان هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە فاکتەری سەقامگیرین لە ناوچەکەدا، بۆیە هەوڵدەدەین لە ڕووی ئابوورییەوە پەیوەندی باش هەبێ و سەرمایەگوزاری ڕاستەوخۆ لە عێراق و هەرێم هەبێت، لە هەمان کاتیشدا پەیوەندی دیپلۆماسی ئەمنی و کۆمەڵایەتی ئەکادیمی بوارەکانی تریش هەبێت.
سەفین دزەیی لە کۆتایی قسەکانیشیدا گوتی: هەرێمی کوردستان دەرفەتی ڕەخساوی هەیە لە زۆر بواردا، بەڵام پێویستی بە ئەزموونی دەرەکی و سەرمایەگوزاری دەرەکی هەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.