Erbil 38°C دووشەممە 10 ئاب 01:13

بەڕێوەبەری خانووبەرەی هه‌ولێر: هاووڵاتییان دەتوانن دەست بە مامەڵەی بە خاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆکانیان بکەن

کوردستان TV
100%


لە ساڵی2019  پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی دەرکرد بە مەبەستی بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆکان، بەھۆی ھاتنی کۆرۆنا و چەند بەربەستێک خەڵک بەتەواوی نەیانتوانی داواکاری پێشکەش بکەن و دەست بە ڕێکارەکان بکەن، بەڵام دووبارە لە ساڵی 2020 جارێکی تر یاساکە لە قازانجی زیاتری هاووڵاتییان ھەموار کرایەوە و ماوەکەیشی درێژ کرایەوە. بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی ھەولێر دەڵێت، ئێستا هاووڵاتییان دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆکانیان، بە مەرجێک بکەوێتە ناوچەی ماستەرپلانی شارەوانییەکانەوە.

لە دوای ھەموارکردنەوەی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2019  بۆ بەخاوەنکردنی ئەو خانووانەی کە لە سنووری شارەوانییەکان زێدەڕۆییان لەسەر کراوە، لە ھەرێمی کوردستان بە بڕیاری ژمارە 4ی 2019 و چاوپێداخشاندنەوەی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە و پەسەندکردنی لە دانیشتنی ئاساییی ژمارە 8 لە ڕێککەوتی 4ی 12ی 2019 و دووبارە ھەموارکردنی لە 6ی 7ی 2021 لە دانیشتنی ژمارە17 ئەم بڕیارانە دران و، ناردرا بۆ ڕۆژنامەی فەرمیی ''وەقایعی کوردستان'' کە وەزارەتی دادی ھەرێمی کوردستان دەری دەکات.

پەیوەست بەمە، برزۆ زیاد مستەفا، بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: زێدەڕۆکار بۆ مەبەستەکانی ئەم یاسایە ئەو کەسەیە کە بەکردار نیشتەجێی ئەو خانووەیە کە بە زێدەڕۆیی دروست کراوە، یان میراتگرە شەرعییەکانی، یان ئەوانەی بە حوکمی یاسا بۆ بەخێوکردنیان ڕاسپێردراوە و لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە لە خانووەکەدا نێشتەجێن.''

شارەوانییەکان بۆیان ھەیە ئەو کەسەی پێش ڕێککەوتی 31ی 12ی 2020 خانووی نیشتەجێبوونی بە زێدەڕۆیی دروست کردووە، بیکەنە خاوەنی ئەو زەوییەی خانووەکەی لەسەرە و موڵکی دەوڵەت، یان ھەر دامەزراوەیەکی کەرتی گشتی، یان شارەوانییە جا چ مەڵکی تەواو بێت، یان مافی ڕەفتارکردنی لەسەر بێت و بکەوێتە ناو سنووری شارەوانییەکان لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون بەپێی مەرج و حوکمەکانی ئەم یاسایە.

بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی ھەولێر گوتیشی: چەند مەرجێک ھەیە بۆ بەخاوەنکردنی ئەم خانووە زێدەڕۆیانە، لەوانە خانووەکە بکەوێتە ئەو زەوییانەی بەپێی ماستەرپلان لە شارەوانییەکان تەرخان کراون بۆ نیشتەجێبوون، خاوەنی خانووە زێدەڕۆکە داوایەک بە نووسراو پێشکەش دەکات و بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە لە ماوەی ساڵێک لە ڕێککەوتی بەرکاربوونی ئەم یاسایە تێپەڕ نەکات، نووسراوەکە ئاراستەی سەرۆکی یەکەی کارگێڕی دەکرێت، بە مەرجێک سەرجەم بەڵگەنامەکانی بۆ بەخاوەنکردنی لەخۆ بگرێت و، کەسی داواکار تەنھا دەکرێتە خاوەنی یەک پارچەزەویی زێدەڕۆ، مەرجەکانی ڕووبەری زەویی بەخاوەنکراو دەبێ زیاتر نەبێت لە 200 مەتر دووجا لە ناوەندی پارێزگا و250 مەتر لە ناوەندی قەزاکان و 300مەتریش لە ناوەندی ناحیەکان.

لێژنەیەک پێک دەھێنرێت لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک ''وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی دارایی و ئابووری و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و داد'' بە مەبەستی تاوتوێکردن و دیاریکردن و خەمڵاندنی زەوییەکە.

برزۆ زیاد گوتی: بەھای ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان لەسەر کراوە سەرەتا بۆ ئەو کسانەی لە دەوڵەت سوومەند نەبوونە بەم شێوەیە دەبێت:
- بۆ یەک مەتر دووجا لە ناوەندی پارێزگاکان 15000 بۆ 30000 ھەزار دیناری عێراقی.
-‌ نرخی یەک مەتر دووجا ناوەندی قەزاکان لە 10000 بۆ 15000 ھەزار دیناری عێراقی.
-‌ بۆیەک مەتر دووجا لە ناحیەکان 5000 بۆ 8000 ھەزار دیناری عێراقی.
بۆ ئەو کەسانەی لە دەوڵەت سوودمەند بوون، لەلایەن لێژنەی تایبەتمەندەوە بە نرخی سەداسەدی بەھای ڕاستەقینەی زەوییەکە دەخەمڵێنرێت، ئەمە پێش ھەموارکردنی، بەڵام دواتر یاساکە ھەموار کراوە و بڕیاری بەھاکەی بەم شێوەیەی لێ ھات، ئەگەر ئەو زەوییەی زێدەڕۆیی کرابووە سەر لەلایەن شارەوانییەوە پێش زێدەڕۆیی جیا کرابێتەوە، نرخەکەی بە بڕی لەسەدا 25ی نرخی ڕاستەقینەی زەوییەکە دەخەمڵێنرێت و زێدەڕۆکاریش بە سوودمەند ھەژمار دەکرێت. ئەگەر زێدەڕۆکار سوودمەند بووبێت لە دەوڵەت لە کاتی بەخاوەنکردنی بڕی سەدا 10 لە نرخی ڕاستەقینەی دەخرێتە سەر نرخی ئاماژەپێکراو. ھەروەھا ئەگەر ئەو زەوییەی زێدەڕۆیی کراوەتە سەر لەلایەن شارەوانییەوە جیا نەکرابووەوە نرخەکەی بە جۆرێک دەخەمڵێنرێت کە لە سەدا پێنجی نرخی ڕاستەقینەی زەوییەکە کەمتر نەبێت. حوکمە دارایییەکانی ئەم یاسایە کەسوکاری پلە یەکی شەھیدان و ئەنفالکراوان و کەمئەندامانی سەنگەر ناگرێتەوە.
دەشڵێت: شارەوانی بۆی ھەیە ئەم داواکارییە ڕەت بکاتەوە ئەگەر ھات و زەوییەکە نەکەوتبووە ناوچەی ماستەرپلانەوە، یان لە شوێنی خانووەکە سەرپێچی هەبێت و، ئەگەر زێدەڕۆکار پابەند نەبوو بە پێدانی ئەم نرخەی دیاری کراوە ئەوا مافی بەخاوەنکردنی نامێنێت و خانووەکە بە زەوی و خانووەوە بە ناوی شارەوانیی پەیوەندیدار تۆمار دەکرێت.
بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی هەولێر ڕاشیگەیاند: ئەو خانووانەی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا ڕووخاون، زەوییەکانیان بەپێی یاساکانی ئەم حوکمە دەخەمڵێنرێت، ئەم یاسایە بۆ ماوەی 3 ساڵ لە ڕێکەوتی بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقایعی کوردستان دا کاری پێ دەکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.