له چوارچێوه‌ی كاره‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و گرینگیدانی به ڕێگاوبانه‌كان، ئێستا پڕۆژە‌ی دروستكردنی سایدی دووه‌می (وارماوه ـ ده‌ربه‌ندیخان) كاری تێدا ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی به زووترین كات ته‌واو بكه‌وێته خزمه‌تی هاووڵاتییان.
حه‌سه‌ن قادر عه‌زه سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژە‌كه باسی چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی قۆناغه‌كانی ئه‌م پڕۆژە‌یه‌ی كرد و گوتی: پڕۆژەکە له‌لایه‌ن كۆمپانیای "پوورنام"ـی ئێرانی و "قه‌ڵا"ی خۆماڵی جێبه‌جێ ده‌كرێت. درێژی ڕێگاکه 26 كیلۆمه‌تره و له دوو قۆناخ پێك دێت. له ڕێكه‌وتی 10/9/2018ى زاینییەوە ده‌ست به دروستكردنی ڕێگاکه كراوە، به‌ڵام به هۆی كێشه‌ی پاره و هه‌ڵه‌ی دیزاین، ماوه‌یه‌ك دواكه‌وت و دواتر له ڕێكه‌وتی 23/5/2021ى زایینی تێیدا ده‌ست به كار كرایه‌وه.
ـ 43 ملیار دیناری بۆ ته‌رخان كراوه:
دروستكردنی ڕێگا‌ی وارماوه ـ ده‌ربه‌ندیخان، به دوو قۆناغ و بە گوژمه‌ی زیاتر له 39 ملیار دینار جێبه‌جێ ده‌كرێت و دواتر له‌سه‌ر ڕە‌زامه‌ندی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌ریمی كوردستان بڕی چوار ملیار و 46 ملیۆن دیناری دیكه‌ی بۆ زیاد كرا. تا ئێستاش ملیارێك له گوژمه‌ی ته‌رخانكراو خه‌رج كراوه و به خه‌رجكردنی ته‌واوی پاره‌كه‌ش تێكڕای پڕۆژە‌كه كاره‌كانی ته‌واو ده‌كرێت و به ڕووی هاووڵاتییاندا ده‌كرێته‌وه. ئێستا 82%ـی كاره‌كانی قۆناغی یه‌كه‌می ڕێگاکە ته‌واو بووه كه درێژییەکەی 26 كیلۆمه‌تره و 10 كیلۆمه‌تری به ته‌واوی ورده‌كارییه‌كانییه‌وه جێبه‌جێ كراوه.
ـ پێكهاته‌ی ڕێگا‌ی وارماوه ـ ده‌ربه‌ندیخان:
سه‌باره‌ت به ورده‌كاری ئه‌م پڕۆژە‌یه له ڕووی پێكهاته‌كه‌یه‌وه، حه‌سه‌ن قادر عه‌زه سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژەکە گوتی: ئه‌م ڕێگایه جیا له‌وه‌ی ده‌كرێته جووتساید، هاوكات ڕێگا كۆنه‌كه‌ش به درێژی حەوت كیلۆمه‌تر نۆژە‌ن ده‌كرێته‌وه كه ئێستا ته‌نیا ئاوباره‌كانی دروست كراوه و درێژی هه‌ر یه‌كێكیان نزیکەی سێ كیلۆمه‌تر ده‌بێت.
ئه‌م ڕێگایه به شێوه‌یه‌كی ستاندارد و مۆدێرن دروست ده‌كرێت، كه سێ چین قیڕ و هه‌ر چینێكیش هەشت سانتیمەتر باینده‌ر و چوار سانتیمەتر ڕووكه‌ش پێک دێت، له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵه‌یەکى 75 سانتیمەترى و بە گشتیش بۆ ئه‌م قۆناغه بڕی 600 مه‌تر دووجا قیڕی پێویسته. لەم ڕێگەیە تا ئێستا 3 ملیۆن چوارگۆشەى گڵ و چیای بۆ دروستکردنى بڕدراوە و سێ ئه‌نده‌رپاسیشی تێدایە كه یه‌كێكیان ده‌كه‌وێته ڕێگا‌ی قڵیجه كه ده‌بێته ڕێگا‌ی سه‌ره‌كی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، ئه‌وه‌ی تریان بۆ به‌ستنه‌وه‌ی ڕێگه كۆنه‌كه و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ریه‌تی و سێیه‌میشیان ده‌كه‌وێته به‌رده‌م گوندی چناره. گرنگی ئه‌و ئه‌نده‌رپاسانهش له‌وه‌دایه كه هه‌موو گونده‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه به یه‌كتره‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، ئەوە بەدەر لە دوو یوتێرنى نێو ڕێگەکە كه بە مەبەستى دروستنەبوونى کارەسات و قەرەباڵغى ئۆتۆمبێله‌كان ته‌نها له ڕێگا‌ی ئەو دوو یوتێرنه‌وه ده‌توانن بسووڕێنەوە.
ـ ڕێگا‌ی گه‌شتیاران ئاسان و ڕووداو كه‌م ده‌كاته‌وه:
ته‌واوبوونی قۆناغه‌كانی ئه‌م ڕێگایه، ده‌بێته هۆی سوودگەیاندن بە هاووڵاتیان و شۆفێران و خه‌ڵكی ناوچه‌كه به گشتی، چونکە هاتووچۆیه‌كی زۆری له‌سه‌ره چ ئه‌وانه‌ی وه‌ك گه‌شتیار له ڕێگا‌ی سنوورەکانەوە دێنه ئه‌و ناوچه‌یه یاخود هاووڵاتییانی ئاسایی كه وه‌ك كاری ئاسایی ڕۆژانه‌یان به‌و ڕێگایه‌دا هاتووچۆ ده‌كه‌ن، یان ئه‌وانه‌ی بۆ كاری بازرگانی ڕوو له‌و ناوچه‌یه ده‌كه‌ن.
به ته‌واوبوونی ئه‌م ڕێگایه ڕووداوه‌كانی هاتووچۆش زۆر كه‌م ده‌بنه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا ئه‌و ڕێگایه‌ی خه‌ڵك هاتووچۆی پێدا ده‌كات، قه‌ره‌باڵغه و كواڵێتی ڕێگاكه‌ش وه‌ك پێویست نییه، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕێگایه‌دا ڕێگایه‌كی جێگره‌وه به شێوه‌ی تونێڵ له ڕێگا‌ی سه‌رشاخه‌وه به درێژی 6 كیلۆمه‌تر ته‌واو بووه، كه ئه‌وه‌ش جۆرێكه له ئاسانكاری. یه‌كێكی تر له گرینگییه‌كانی ته‌واوبوونی ئه‌م ڕێگایه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و خه‌ڵكه‌ی خه‌ریكی كاری ئاژە‌ڵداری و كشتوكاڵین ئاسانتر له جاران ده‌توانن به‌روبوومه‌كانیان یاخود ئاژە‌ڵه‌كانیان بگوازنه‌وه، چونكه ڕەچاوی هه‌موو ئه‌مانه كراوه له دروستكردنی ئه‌م ڕێگایه‌دا. هه‌روه‌ها ڕێگا‌ی زه‌ڕایه‌ن ـ ده‌ربه‌ندیخان له 40 خوله‌كه‌وه بۆ 15 خوله‌ك كه‌م ده‌كاته‌وه و ئه‌مه‌ش به گوێره‌ی لێكدانه‌وه‌كان ڕۆژانه 15000 لیتر به‌نزین بۆ هاووڵاتییان ده‌گه‌ڕێته‌وه و كاریگه‌ریشی بۆ سه‌ر ژینگه‌ی ناوچه‌كه ده‌بێت، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆژانه به به‌رده‌وامی 1300 تا 1500 بارهه‌ڵگر و نزیكه‌ی 3500 ئۆتۆمبێلی بچووك به‌م ڕێگایه‌دا هاتووچۆ ده‌كه‌ن، بۆیه سوودمه‌ندی یه‌كه‌م له ته‌واوبوونی ئه‌م پڕۆژە‌یه شۆفێرانن.
جێی ئاماژه‌یه ڕۆژانه 100 بۆ 150 كه‌س كار له‌م پڕۆژە‌یه‌دا ده‌كه‌ن كه 60%ـیان خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ن، ئه‌مه جگه له 25 بۆ 30 ئامێری جۆراوجۆر. له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌و زه‌ویانه‌وه هه‌یه كه به‌ر ڕێگاكه ده‌كه‌ون، بابه‌تی ڕووپێوی ڕێگاكه ته‌واو بووه و ته‌نها قه‌ره‌بووكردنه‌وه و خه‌مڵاندن گرفتی تێدایه كه ئه‌ویش بڕیارە له داهاتوودا چاره‌سه‌ر بكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.