Erbil 38°C یەکشەممە 09 ئاب 14:35

سەرۆکى هەرێمى کوردستان و وەزیرى دەرەوەى سوید کۆبوونەوە

کوردستان TV
100%

 

ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە خاتوو ئان لیندى وەزیرى دەرەوەى سوید و شاندێکى یاوەرى کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا دۆخى عیراق و هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەران و ئەنجامەکانى، پەیوەندییەکانى سوید لەگەڵ عیراق و هەرێمى کوردستان، دەرفەتى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى سویدى لە هەرێمى کوردستان، ڕەوشى ئاوارە و پەنابەران، دۆخى کەمپى هۆڵ لە سووریا، هەڕەشەکانى داعش، بوارەکانى دیموکراسى، مافى مرۆڤ، ئازادییەکان، یەکسانیى جێندەرى، سیستمى دادوەرى لە عیراق و هەرێمى کوردستان و هەڕەشەکانى گۆڕانى کەشوهەوا بەتایبەتى لەسەر عیراق، تاوتوێ کران.

هەردوولا جەختیان لە گرینگیى سەقامگیریى سیاسى لە عیراق و گەیشتنى لایەنە سیاسییەکان بە لێکگەیشتنێک بۆ داهاتووى پرۆسەى سیاسى لە وڵات و یەکلاکردنەوەى هەر تێبینى و کێشەیەک لەسەر ئەنجامەکانى دەنگدان لە عیراق کردەوە کە لە ئەنجامدا حکوومەتێکى لێ بکەوێتەوە، داوا و خواستەکانى هاووڵاتییانى عیراق لە ژیان و گوزه‌رانێکى باشتر و خزمەتگوزارییەکان، ڕەچاو بکات.

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەکەدا بیروڕا دەربارەى گرینگیى بەردەوامیى هەوڵەکان بۆ باشترکردنى دۆخى ئافرەتان لە عیراق و هەرێمى کوردستان و بەشدارى و هاوبەشی کاراتر و زیاتریان لە پرۆسەى سیاسى و بەڕێوەبردنى وڵاتدا، ئاڵوگۆڕ کران و جەخت لە پاراستنى دیموکراسى و ئازادییەکان و مافى مرۆڤ و یەکسانى و باشترکردنى سیستمى دادوەرى و دادگاکان کرایەوە.

پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، پەیوەندیییەکانى هەرێمى کوردستان و وڵاتانى دراوسێ، هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنى تیرۆرستانى داعش، دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.