لە هەولێر بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر فێستڤاڵى ڕوانین بۆ هاریکارى و یارمەتیدانى منداڵانى بێسەرپەرشت ئەنجامدرا.
دواى نیوەڕۆى ئەمرۆ شەممە بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر لە هۆڵى بەڕێوەبەرایەتى گشتیی ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر، لەژێرناونیشانى (ببە بەسەرپەرشتی منداڵە بێ سەرپەرشتەکان) ژمارەیەک لە لاوان و گەنجانى خۆبەخش، دووەمین فیستڤاڵى هونەرى (ڕوانین)ـیان ئەنجامدا کە داهاتى فیستڤاڵەکە پێشکەش بە منداڵانى بێسەرپەرشت دەکرێت..
لە فێستیڤاڵەکەدا پارێزگاری هەولێر دەستخۆشى لەو کۆمەڵە گەنج و لاوە کرد کە هەڵساون بەئەنجامدانى ئەو کارە مرۆییەى و هیواى سەرکەوتنى بۆخواستن و ڕایگەیاند: "بەیانى ئەمڕۆ لەهەولێرى پایتەخت ماراسۆنێک ئەنجامدرا بۆ پاڵپشتیكردن و بەخشینی ئومێد بە تووشبووانی شێرپەنجە و داهاتی ئەو ماراسۆنەش پیشکەش بە نەخۆشخانەی نانەكەلی بۆ چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجەکرا.
ڕاشیگەیاند: ئێوارەى ئەمڕۆش ئەم فێستڤاڵە لەهەولێر ئەنجامدەدرێت بۆ منداڵانى بێ سەرپەرشت کە بە هەمان شێوە داهاتەکەى بۆ منداڵانى بێ سەرپەرشتە، ئەوە واتاى ئەوەیە کە کارى بەخشین و خۆبەخشى لە نێو کۆمەڵگاى ئێمە و گەنج و لاوان بنەمایەکى سەرەکى و تێروانێنێکى نیشتیمانى و تێگەیشتنێکى بەرپرسیارانەى هەیە، هەروەها نیشاندەرى ئەوەیە کە لاوان و گەنجانى ئێمە جگە لەخواست و داخوازی و داواکارییەکانیان لەبەرامبەردا بوونەتە داینەمۆى بەخشینن.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو کارەى ئەمڕۆ ئەنجامیانداوە کارێکى گەورەی مرۆییە و وەکو پارێزگاى هەولێر و حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتى و پشتیوانى ئەم جۆرە کارە خێرخوازیانە دەکەین و دەستخۆشیان لێ دەکەین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.