Erbil 38°C یەکشەممە 21 حوزەیران 05:22

نێچیرڤان بارزانی: بەردەوامی پەلامار و هێرشەکانی داعش پەیامی ترسناکن

په‌یامێك له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌
کوردستان TV
100%


دوای هێرشه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی داعش بۆ سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ، كه‌ شه‌هید بوونی 5 پێشمه‌رگه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ ، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌: 
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان  به‌بۆنه‌ی شه‌هید بوونی 5 پێشمه‌رگه‌وه‌ رایده‌گه‌ێنێت: سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵم پێشكەش بە خانەوادەی ئەو شەهیدە قارەمانانەی شەوی ڕابردوو دەكەم كە لە كاتی بەهانەوەچوونی هاوسەنگەرانی پێشمەرگەیاندا لە سنووری كوڵەجۆ، شەهید بوون و گیانیان بەخشی.
نێچیرڤان بارزانی ده‌شڵێت: لە خوای مەزن داواكارم گیانیان بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و سەبووری و ئارامی بە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزیان ببەخشێت. هیوای زووچاكبوونەوە بۆ پێشمەرگە بریندارەكان دەخوازم.
هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌: فراوانبوون و بەردەوامیی پەلامار و هێرەشەكانی داعش، پەیامی جددیی ترسناكن و هەڕەشە و مەترسییەكی ڕاستەقینە لە ناوچەكە دەهێنێتەوە ئاراوە. بۆیە هاریكاری و هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق بە پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پێویستییەكی بەپەلەی هەنووكەیی و لەپێشینەیە.
 نێچیرڤان بارزانی ده‌شڵێت: داوا دەكەین میكانیزمی ئەو هەماهەنگییە لەنێوان لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی عیراقدا بە هاوبەشی و پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كاراتر و فراونتر بكرێت و پێكەوە بە هەموو هێز و توانایەكەوە بەرەنگاری تیرۆرستانی داعش و هەڕەشە و مەترسییەكانی ببینەوە.

شه‌وی رابردوو ، تیرۆرستانی داعش له‌ ناوچه‌ی كه‌ڵان له‌ سنووری كوڵه‌جۆی گه‌رمیان هێرشیان كرده‌ سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ، پێنج پێشمه‌رگه‌ به‌ناوه‌كانی  (رائید ئیبراهیم بارام، رائید ئیسماعیل محه‌ممه‌د فه‌ره‌ج ، ئه‌مین حوسێن ، ئاراز سه‌مین، نه‌به‌رد سه‌عید ) شه‌هید بوون و چواری دیكه‌ش برینداربوون.


 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.