وەزیری پێشمەرگە لە شارەزوور، بەشداری پرسەی هاوخەمی شەهیدانی دوێنێ شەوی پەلامارە تیرۆریستیەکەی داعش لە سنووری میحوەری کوڵەجۆ دەکات و راشیدەگەینێت: لەیەک دڵۆپ خوێنی ئەو شەهیدانە و شەهیدانی تری هێزی پێشمەرگە خۆشنابین و بەتوندی وەڵامی تیرۆریستان دەدەینەوە و بەردەوام دەبین، تا لەرەگ و ریشەوە هەڵیاندەتەکێنین.
ئەمڕۆ ۲٨ی ۱۱ی ۲۰۲۱ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەری سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەمال محمد، سەرۆکی ئەرکان و لیوا روکن هۆشمەند حیدر رەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارەو میرە و عەمید عوسمان محمد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانیی، بەشداری پرسەی هاوخەمی شەهیدانی پەلامارە تیرۆریستیەکەی دوێنێ شەوی سەر هێزەکانمان لە سنووری میحوەری کوڵەجۆ کرد.
لەمیانی ئەو بەشداریانەدا، وەزیری پێشمەرگە، لەنزیکەوە، پرسەو سەرەخۆشی تایبەتی مەسڕور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی بەخانەوادەی سەربەرزی ئەو شەهیدە نەبەردانە گەیاند، هاوکات خەمباری و نیگەرانی قوڵی وەزارەتی پێشمەرگەی بە خانەوادەو کەس و کارو هاوسەنگەرانی ئەو پۆلە ئەفسەر و پێشمەرگە قارەمانانە راگەیاند، کە بەخوێنی ئاڵی خۆیان، بۆ پاراستنی سەنگەرەکانی بەرگری لە خاکی کوردستان گیانیان بەخشی. هیوای شیفای خێراشی بۆ بریندارانی ئەو رووداوە خواست.
وەزیری پێشمەرگە، وتی: لە پەروەردگاری مەزن داواکارین جێگای ئەو قارەمانانە بەهەشت بێت و سەبووری وئارامی بە ئێمەو هەمووان بداتەوە.
لەمیانی لێدوانێکیشی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: هێزی پێشمەرگەی کوردستان، دووپاتیدەکاتەوە، کە رێگە نادەین یەک دڵۆپی خوێنی ئەو شەهیدانە و تەواوی شەهیدانی رێی خەباتی ئازادی و پاراستنی ئاشتی و ئارامی کوردستان و ناوچەکە بەفیڕۆ بڕوات و بەتوندترین شێوە وەڵامی ئەو پەلامارەی تیرۆریستانی داعش دەدەینەوەو، لەتێکشکاندن و هەڵتەکاندنیان لەرەگ و ریشەوە بەردەوام دەبین.
ئاماژەشی بەوەکرد، لەماوەی رابردوو چەندین جار هۆشداریمان لەبارەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و فەراغی ئەمنی لەوناوچانە دابوو، پێشتریش داوامان لە سوپای عیراق کردبوو هەنگاوەکان خێراتربکرێنەوە بۆ هەماهەنگی و ئەرک بینینی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ئەو ناوچانە.
راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.