بڕیاره ئه‌مشه‌و دووشه‌م به‌رپرسێكی باڵای ئه‌منی حكوومه‌تی عێراق ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانی هه‌وڵی تیرۆركردنی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاشكرا بكات.
قاسم ئه‌عڕه‌جی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق له به‌غدای پایته‌خت له دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدا كاتژمێر 6ی سه‌رله‌ئێواره ته‌واوی ئه‌نجامه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌كانی هێرشكردنه سه‌ر ماڵی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاشكرا ده‌كات.
ئه‌مه له كاتێكدایه كه ڕۆژی هه‌ینی ڕابردوو موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در له تویتێكدا داوای كردبوو ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان سه‌باره‌ت به هه‌وڵه تیرۆركردنه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكرێ.
ڕاشیگه‌یاندبوو كه ئێستا پێویسته ته‌واوی لێكۆڵینه‌وه تایبه‌ته‌كان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ئاشكرا بكرێن و ئه‌و تیرۆریستانه‌ش ده‌ستگیر بكرێن كه ئه‌م كرده تیرۆریستییه قێزه‌وه‌نه‌یان ئه‌نجامداوه و هه‌روه‌ها سزای شایسته‌یان له‌سه‌ر جێبه‌جێ بكرێ.
سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در جه‌ختیشی كرده‌وه كه ئه‌گه‌ر ئێستا ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان ئاشكرا نه‌كرێن، ئه‌وا خۆیان له داهاتوودا ئاشكرای ده‌كه‌ن.
چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی عێراق ئاشكرایان كردبوو كه چه‌ند به‌رپرسێكی باڵای ئه‌منی عێراقی به تۆمه‌تی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی به هه‌وڵه تیرۆركردنه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌ستگیركراون.
بڵاویش كرابووه‌وه كه ئاشكرابوونی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی ئه‌و سه‌ركرده باڵا ئه‌منییانه به دۆسییه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ڵگه بووه، یه‌كێك له‌و مووشه‌كانه‌ی كه له فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كه كه‌وتووه‌ته خواره‌وه و كه‌وتووه‌ته سه‌ر ماڵه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی و نه‌ته‌قیوه‌ته‌وه، دوای لێكۆڵینه‌وه‌كان په‌نجه‌مۆری ئه‌و سه‌ركردانه‌یان له‌سه‌ر بووه.
جه‌ختیش كرابووه‌وه كه به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان تا ئێستا ناسنامه‌ی 3 له‌و به‌رپرسه باڵایانه‌ی ئه‌منی ئاشكرابوونه كه تێوه‌گلاون له‌و هه‌وڵه‌ی كه له ڕۆژی 7ی ئه‌م مانگه بۆ تیرۆركردنی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌نجامدرابوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.