ئەندامێکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای چەک هەڵگرتن و ڕێکخستنی کۆمپانیا ئەمنییەکان بۆ کوردستان تیڤی قسەی کرد و ڕایگەیاند، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لە بەرژەوەندی یاسا دەبێت.
نزار مەلا غەفار ئەمڕۆ دووشەممە لە میانەی بەشداریکردنی لە دەنگوباسی کاتژمێر 8:00 سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای چەکی بێ مۆڵەت گوتی: یاسای چەک هەڵگرتن لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 1993ـەیە کە بۆ ئەو سەردەمە گونجاو بوو، بەڵام بۆ ئێستا ناگونجێ، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان پێشنیاری هەموارکردنەوەی یاساکەیان خستەڕوو و هەموارکردنیشی لە بەرژەوەندی یاسا لە هەرێمی کوردستان دەبێت.
گوتیشی: ئەو ڕێنمایی و ماددانەی کە لە نێو یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 1993 هەن، ئێستا ماددەکان و سزاکانیش لە یاسا نوێیەکەدا قورسترکراون.
ئەو ئەندامەی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش کرد کە چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ بە ئامادەبوونی وەزارەتی ناوخۆ ئەنجام داوە، بۆ ئەوەی بتوانین ڕێکخستنەوە لە هەمواری ئەو یاسایەدا بکەین.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی یاساکە نزار مەلا غەفار گوتیشی: لە یاساکەدا شوێنی ئەوە کراوەتەوە کە ئەگەر کەسێک بیەوێت داوای مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک بکات، چۆن مۆڵەتی پێدەدرێت، هەروەها ئەو کەسانەی کە کاری چاککردنەوەی چەک دەکەن و یاخود بازاڕی کڕین و فرۆشتنی چەک هەموویان ڕێکدەخرێنەوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە.
هەروەها لە چاوپێکەوتنەکەدا چەند مەرجێکی خستەڕوو کە لەیاساکەدا هاتووە بۆ ئەو کەسانەی داوای مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک دەکەن و ڕایگەیاند: ئەگەر هاووڵاتییەک بیەوێت داواکاری پێشکەش بکات بۆ وەرگرتنی هەڵگرتنی چەک، پێویستە پشتگیری لایەنی پەیوەندیداری هەبێت یاخود سیڤییەکەی ناسراو بێت، هەروەها پشکنینی بۆ دەکرێت و پێویستە گونجاو بێت لەڕووی تەمەنیشەوە.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا پرسی کۆمپانیا ئەمنییەکان تاوتوێ کرا، لەمبارەیەوەش نزار مەلا غەفار ڕایگەیاند: پێشتر لە یاساکەدا بۆشایی و گرفتێکی یاسایی هەبوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمنییەکان، بۆیە وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان پێشنیاری پڕۆژەیاسایەکیان کرد بۆ کار و ڕێکخستنی کۆمپانیا ئەمنییەکان.
هەروەها ڕایگەیاند: خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پڕۆژەیاسای کۆمپانیا ئەمنییەکان لە پەرلەمانی کوردستان کراوە و دەنگ لەسەر 21 ماددە دراوە، هەروەها بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتووش لە دانیشتنی ئاسایی پەرلەماندا خوێندنەوەی سێیەمی بۆ بکرێت.
نزار مەلا غەفار ئاماژەی بە ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکە کرد و ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بیری لەوە کردۆتەوە کە کاری کۆمپانیا ئەمنییەکان لە دەستی کەسی وەربگرێ و بگەڕێتەوە ژێر ڕێنمایی گشتی کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دەبێت.
ڕاشیگەیاند: تەوەر و بابەتی گرنگ لەناو ماددەکان ئاماژەی پێکراوە، بۆ نموونە ئەگەر دەنگدرا لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە هەلی کار لە هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت، هەروەها وەرگرتنی ئەو کەسانەش بۆ کارکردن لە کۆمپانیا ئەمنییەکان ڕێکدەخات.
ئەو ئەندامەی پەرلەمان لە درێژەی قسەکانیشیدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا کۆمەڵێک دیاردەی نەخوازراو بینرا، دوای چەندین کۆبوونەوە حکوومەت بیری لەوە کردۆتەوە لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان بکرێت، هەروەها ئەوەش پێشنیار کراوە کە چەکەکانیان لە کوێ هەڵبگیرێت لە دوای تەواوبوونی دەوامی فەرمییان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.