وه‌زیری پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فه‌رمانده و جێگری فەرماندەی لیواكانی پیادەی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه كۆبۆوه و رایسپاردن به‌توندی به‌رپه‌رچی چالاكی و په‌لاماره تیرۆریستییه‌كانی داعش بدەنه‌وه و له ڕه‌گ و ریشه‌وه هه‌ڵیان بته‌كێنن.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ئاماده‌بوونی سه‌ربه‌ست له‌زگین بریكاری وه‌زاره‌ت و فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر مه‌نده ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌ت و فه‌ریق جه‌مال محمد، سه‌رۆكی ئه‌ركان و هه‌ردوو جێگرانی سه‌رۆكی ئه‌ركان بۆ ئیداره و میره، ئۆپه‌راسیۆنه‌كان، له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فه‌رمانده و جێگرانی لیواكانی پیادەی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه كۆبووە.
له ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری پێشمه‌رگه و ستافی وەزارەت پرسە و سەرەخۆشیان نارد بۆ کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە، بە تایبەت ئەوانەی چەند رۆژی ڕابردوو لە میحوەری گەرمەسێر گیانیان بەخشی.
دواتر وەزیری پێشمەرگە كورته‌یه‌كی له‌سه‌ر بارودۆخی ئێستای ناوچه‌كه و مه‌ترسییه‌كانی تیرۆریستانی داعش و جموجۆڵه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی خسته‌ڕوو.
راشیگه‌یاند: وه‌ك له هۆشدارییه‌كانی پێشووترمان، به‌رده‌وام جه‌ختمان له‌سه‌ر ئاماده‌سازی هێزه‌كان كردۆته‌وه له به‌رامبه‌ر پاراستنی سه‌نگه‌ره‌كان له دوای په‌ره‌سه‌ندنه‌وه‌ی داعش و زیندووبونه‌وه‌ی خانه نووستووه‌كانیان، بۆ ئه‌مه‌ش فه‌رمانده‌ی لیواكانی راسپارد چاوكراوه‌تر و به پلانی نوێی جه‌نگی سه‌نگه‌ره‌كانی خۆیان قایم بكه‌ن و له مه‌ترسی ئه‌و تیرۆریستانه بیانپارێزن.
وه‌زیری پێشمه‌رگه ستایشی ئه‌رك و مه‌هامی فه‌رمانده‌ی لیواكان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كرد كه قاره‌مانانه گیانی خۆیان له‌پێناو پاراستنی ئاشتی و سه‌قامگیری خاكی كوردستان به‌خشی.
له به‌شێكی تری كۆبونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری پێشمه‌رگه فه‌رمانی دا كه سه‌رجه‌م هێزه‌كان پابه‌ندی ئه‌ركی سه‌ربازی و دسپلینه سه‌ربازییه‌كان بن و بۆ ئه‌مه‌ش گوتی: هه‌وڵه‌كانمان چڕكردۆته‌وه بۆ جێبه‌جێكردنی داواكاری لیواكان و پڕكردنه‌وه‌ی ته‌واوی كه‌موكوڕییه‌كان.
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا وه‌زیری پێشمه‌رگه ڕایگه‌یاند: رێگه ناده‌ین خوێنی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی كه له چه‌ند رۆژی ڕابردوو گیانیان به‌خت كرد به فیرۆ بڕوات، ده‌بێت تۆڵه‌ی خوێنی ئه‌و شه‌هیدانه بكرێته‌وه و ناوه‌ستین تا به‌ته‌واوی داعش تێكدەشکێنین.
له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی ئێستای نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عێراق، وه‌زیری پێشمه‌رگه ڕایگه‌یاند: دوای دروستكردنی ناوه‌نده‌كانی ئه‌منی هاوبه‌ش له‌نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عێراق هه‌وڵه‌كان به‌و ئاراسته‌یه كه به‌یه‌كه‌وه هه‌ردوو هێز رۆڵ ببینن له‌و ناوچانه‌ی فه‌راغی ئه‌منی هه‌یه.
كۆبوونه‌وه به گوێگرتن له داوا و داواكارییه‌كانی فه‌رمانده‌ی لیواكان كۆتایی هات و له‌به‌رامبه‌ریشدا وه‌زیری پێشمه‌رگه و ستافی باڵای وه‌زاره‌ت به‌ڵێنی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و پڕكردنه‌وه‌ی كه‌موكوڕییه‌كانیان دا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.