Erbil 38°C شەممە 20 حوزەیران 07:05

له‌سه‌ر سه‌ردانه‌که‌ی نێرده‌ی سه‌رۆکی ڕووسیا بۆ هه‌رێمی کوردستان زانیاریی خرایه‌ڕوو

کوردستان TV
100%

 

سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لێدوانێکدا سەبارەت بە سەردانەکەی نێردەی ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند: هاتنی میخاییل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بۆ جاری یەکەم نییە و لە سەردانەکەی ئەمجارەیدا سەردانی ئێران و بەغدا و هەرێمی کوردستانی کرد.

ڕاشیگەیاند: بۆگدانۆڤ شارەزاییەکی تەواوی لە ناوچەکە هەیە و بە نوێنەرایەتی ڤیلادمێر پۆتین سەرۆکی ڕووسیا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە میانەی سەردانەکەشیدا چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دا، لە کۆبوونەوەکانیدا ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، مەترسییەکانی داعش  و سەرهەڵدانەوەیان، یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا و مەلەفی ناوچەکە بە گشتی و هەروەها مەلەفی سوریا و ڕۆژئاوا، هەموو ئەم بابەتانە گفتوگۆی لەسەر کرا.

هەروەها سەبارەت بە کۆچبەران سەفین دزەیی ڕایگەیاند: کۆچبەران بوون بە کارتی سیاسی دەستی نێوان بێلاڕووسیا و یەکێتی ئەوروپا، لە دوو هەفتەی ڕابردوو لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغدا هاوکاربوون بۆ گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە خوازیاری گەڕانەوەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە تا ئێستا 2 هەزار و 300 کۆچبەر گەڕاونەتەوە و ئەمڕۆش شەشەم کاروانی کۆچبەران بۆ هەرێمی کوردستان گەڕایەوە.

لەبارەی تۆڕی قاچاخچێتیش بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ ڕێکاری پێویست دەگرێتە بەرامبەر ئەو کەسانە، هەروەها گوتیشی پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئینتەرپول ڕێکاری پێویست بگیرێتە بەر بەرامبەر ئەو کەسانەی کە یاری بە ژیانی خەڵک دەکەن.  

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.