Erbil 38°C شەممە 20 حوزەیران 07:05

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆک پۆتین کۆبووەوە

کوردستان TV
100%

 

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە میخائیل بەگدانۆڤ نێردەی تایبەتیی ڤیلادمێر پۆتین سەرۆکی ڕووسیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئه‌فریقیا و جێگری وەزیری دەرەی ڕووسیا کرد کە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی هاوبەشی دیپلۆماسی سیاسی و ئابووریی وڵاتەکەی سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی كردبوو.

بەگدانۆڤ سڵاو و ڕێزی سەرۆک پۆتین و وەزیری دەرەوەی ڕووسیای بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیاند و خۆشحاڵیی خۆی بە دەرفەتی ئەم کۆبوونەوەیە دەربڕی بۆ ئەوەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەربارەی دۆخی ناوچەکە و پرسەکانی جێی بایەخی هەردوولا بکەن، هەروەها ستایشی ئاستی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و خواستى ڕووسیای بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، پاشان پوختەیەکی دەربارەی سەردانەکەی بۆ هەریەکە لە تاران، بەغدا و هەولێر خستەڕوو.

پاشان هەردوولا دۆخی عێراق و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجامەکان و دید و خوێندنەوەیان بۆ داهاتووی پرۆسەی سیاسی و دامەزراندنی حکوومەتی نوێی عێراق تاوتوێ کرد و تیشکیان خستە سەر ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە کە کاریگەرییان لەسەر عێراقیش هەیە و جێی بایەخی ڕووسیان، وەک دۆخی سووریا و چەند پرسێکی دیکە. هەر لەمبارەیەوە بەگدانۆڤ باسی لە دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنەکەسە کرد.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکە نیشان دا و سوپاسی سەرۆک پۆتین و وەزیری دەرەوەی ڕووسیای بۆ ناردنی سڵاو و ڕێزیان کرد و پێزانین و سوپاسگوزاری هەرێمی کوردستانی پێشکەش بە ڕووسیا کرد کە لە کاتە سەختەکاندا پشتگیری و هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووە، هەروەها سڵاو و ڕێزی پێشکەش بە سەرۆک پۆتین و وەزیری دەرەری ڕووسیا کرد و ئامادەیی و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودانی زیاتری پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا دووپات کردەوە.

نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە لە عیراق بەشێک دەبێت لە چارەسەر و بەشێک نابێت لە کێشەکان و چاوەڕێی ئەوەن لایەنە شیعییەکان ناکۆکییەکانیان لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن چارەسەر بکەن تا دواتر بە پێی ڕێکارە یاسایی و دەستوورییەکان پرۆسەی دامەزراندنی حکوومەت دەستپێ بکات، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوەی گرنگە هەموو لایەنێک درک بە هەستیاریی قۆناغەکە بکەن و کار بۆ ئارامی و سەقامگیری بکەن.

دەربارەی دۆخی سووریاش نێچیرڤان بارزانی ڕوونی کردەوە کە دۆخ و قەیرانی سووریا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ڕەوشی سووریا هەیە و هەر لە سەرەتاوە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان ڕوون بووە کە پێویستە کورد لە چوارچێوەی سووریادا کێشەی خۆی چارەسەر بکات و بوونی تێگەیشتنێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا و چارەسەرکردنی کێشەکانیانی بە پێویست و گرنگ زانی.

هەردوولا باسیان لە لیژنەی هاوبەشی عیراقی – ڕووسی کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە گرنگە هەرێمی کوردستان لەو لیژنەیە سوودمەند بێت. سەبارەت بە دۆخی ناوچەکەش تێگەیشتنی هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکە و هێزە جیهانییەکانی بە پێویست زانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە کێشە و قەیرانەکان لە ناوچەکە بە تەنیا هێز و لایەنێک چارەسەر ناکرێن، بەڵکو بۆ ئەم مەبەستە هاوکاریی هەمەلایەنە پێویستە و هەردوولا کۆک بوون کە داعش هێشتا لە عیراق و سووریا و ناوچەکە هەڕەشە و مەترسییەکی ڕاستەقینەیە.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.