بەرپرسی لقی 23ـی قەرەچووغی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆک بارزانی لەسەر ھێڵە و بە پەرۆشە بۆ ھاووڵاتی و پێشمەرگە شەھیدبووەکانی ئەمشەو.
كرمانج عەبدوڵڵا بەرپرسی لقی 23ـی قەرەچووغی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھەینی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: ماوەیەکی زۆرە وەزارەتی پێشمەرگە و لێژنەکانی ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەسەر ھێڵن بۆ چارەسەرکردنی بۆشایی ئەمنی لەناوچەکەدا، بەڵام حکوومەتی عێراق بەپێی پێویست ئامادەی ھەماھەنگی نییە.
ھەروەھا ڕایگەیاند: سەرۆک بارزانی لە ئێوارەوە لەسەر ھێڵە و بۆ چەندین جار پەیوەندی کردووە و زۆر بە پەرۆشە ھەم بۆ گیانی ئەو ھاووڵاتییانەی شەھیدبوون، ھەم بۆ گیانی پێشمەرگە شەھیدبووەکان.
تیرۆرستانی داعش چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر ھێرشیان کردە سەر گوندەکانی خزریجە و لھێبان، لە ئەنجامدا سێ ھاووڵاتی کە برابوون و دوو پێشمەرگەی دیکەش شەھیدبوون.
ھەر ئەمشەو لە چیای قەرەچووغدا 7 پێشمەرگەی فەرماندەیی ھەولێر بەھۆی بەرکەوتنی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکەیان بە تەقینەوەی بۆمبی تیرۆرستانی داعشەوە شەھیدبوون کە دوو لە شەھیدەکان ئەفسەرن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.