Erbil 38°C چوارشەممە 17 حوزەیران 06:08

نێچیرڤان بارزانى: هه‌رگیز خاتوو میتیران له‌ یاد ناکه‌ین

کوردستان TV
100%

نێچیرڤان بارزانی له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ ژیلبێر میتیران، كوڕی دۆستی گه‌لی كورد خاتوو دانیال میتیران دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ گه‌لی كوردستان هه‌رگیز خاتوو میتیران له‌ یاد ناكات كه‌ وه‌ك دایكێكی میهره‌بان پشتگیری له‌گه‌لی كوردستان كرد و له‌ فه‌ره‌نسا و له‌ ئه‌ورووپا و له‌ هه‌ر كوێ بۆی كرا، داوای یارمه‌تیدانی گه‌لی كوردستانی ده‌كرد.


نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/12/7 له‌ هه‌ولێر پێشوازی له‌ مسیوو ژیلبێر میتیران كوڕی خاتوو میتیران كرد كه‌ بۆ به‌شداری له‌ ڕێوڕه‌سمی یادی ده‌ ساڵه‌ی دایكیدا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا نێچیرڤان هه‌روه‌ها باسی له‌ ڕۆڵ و دڵسۆزیی خاتوو میتیران بۆ خه‌ڵكی كوردستان و هاندانی سه‌ركردایه‌تیی كوردستانی بۆ یه‌كڕیزی و ته‌بایی كرد و به‌خشینی نازناوی (دایكی كورد)ی به‌ خاتوو میتیران پڕ شایسته‌ زانی كه‌ به‌ ڕاستی دایكایه‌تی بۆ گه‌لی كوردستان و پشتیوانی له‌ دۆزه‌ ڕه‌واكه‌ی كرد، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیریی به‌رده‌وامی فه‌ره‌نسا له‌ گه‌لی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ مسیوو ژیلبێر میتیران خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و به‌شداریكردنی له‌ ڕێوڕه‌سمی یادی ده‌ ساڵه‌ی كۆچی دواییی دایكیدا كرد و سوپاس و پێزانینی بۆ گه‌لی كوردستان دووپات كرده‌وه‌ كه‌ وه‌فادار و دڵسۆزه‌ بۆ خاتوو میتیران و هه‌وڵ و كۆششی له‌پێناو یارمه‌تیدان و پشتگیریكردنی گه‌لی كوردستاندا، سه‌رسامی و خۆشحاڵیی خۆیشی به‌ پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشان دا.

له‌ دیداره‌كه‌دا باڵیۆزی فه‌ره‌نسا له‌ عیراق، كونسولی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌ولێر‌، به‌رپرسی ڕێكخراوی فرانس لیبرتێ، سه‌رۆكی ئه‌نستیتوی كوردیی پاریس و نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ فه‌ره‌نسا ئاماده‌ بوون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.