لە رۆژانی 4-5/12/2021 کۆنگرەی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستان لە شاری هەولێری پایتەخت بە ئامادەبوونی 140 ئەندام لە 20 وڵاتی جیاجیا و بە بەشداری رێبەری گەلی کورد سەرۆک مەسعود بارزانی دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
ئەم کۆنفرانسە ئەزموونێکی نوێ بوو لەپێناو ڕێکخستنی ڕەوەندی کوردستان بۆ ئەوەی لەژێر چەترێک و لە چوارچێوەی دیاریکردنی ستراتێجی و بەدیهێنانی ئامانجێکی هاوبەش تێبکۆشن.
بە ناوی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستان سوپاسی بەشداریی و ئامادەبوونی نوێنەرانی ناوەند و فیدراسیۆنەکانی دەرەوەی وڵات دەکەین کە لەم کۆنگرە گرینگ و مێژووییەدا بە بیر و بۆچوون و تێبینی بە نرخی خۆیان ئەجندای کۆنگرەکەیان دەوڵەمەندتر کرد و هەروەها سوپاسی هەموو ئەو دڵسۆزانە دەکەین کە لە دەرەوەی وڵات بەشدار بوون لە فراوانکردن و بەجێ گەیاندنی مەبەستەکانی ئەم پرۆژەیە.
هیوادارین لەم کۆنگرەیەدا توانرابێت پەیام و رۆژەڤ و بەرنامەی کاری کۆنفیدراسیۆن بە باشی جێبەجێ کرابێت، هەر وەکو جەنابی سەرۆک بارزانی لە وتاری خۆیدا فەرمووی ئەمە پرۆژەیەکی کوردستانییە. دەبێت هەموو لایەک وەکو بەرنامەیەکی هەمەگیریی سەرتاسەری کوردستانی مامەڵەی لەگەڵدا بکەین و بۆ سەرخستنی ئەم هەنگاوە مێژووییەیە چاومان لە هیمەت و پشتگریی هەموو کوردستانییانی خۆشەویست و دڵسۆزە لە سەرتاسەری جیهان.
سەرخستنی ئەم پرۆسەیە جیا لەوەی هەڵگری رەهەندێکی نیشتمانییە. بگرە هەنگاویشە بۆ ئەوەی ببێت بە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی ڕەوەندی کوردستانی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان و هۆکارێک بێت بۆ گەشەسەندنی توانا و پێگەیاندنی تاکی کورد لە بوارە جیاوازەکاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.