سوپای عێراق رایگەیاند کە لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە، ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەشیان بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە سنووری پارێزگای دیالە، دەست پێ کردووە.
فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر شهممەری،جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە داوە کە کاتژمێر شەشی بەیانی ئەمڕۆ، ھێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە لەگەڵ ھێزەکانی میحوەری یەک و دووی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەشیان لە ناوچەکانی دەورووبەری قەزاکانی خانەقین و کفری کە دەکەونە ناوچەی بایەخپێدراوی ئەمنی ھاوبەش لەنێوان ھەردوولا، دەست پێ کردووە.
عەبدولئەمیر شەممەری باسی لەوەش کردووە کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، پاڵپشتیی ئاسمانیی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، دابین کراوە.
ههروهها گوتیشی:" ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەیش لە چوارچێوەی ھەماھەنگیی و کاری ھاوبەش دێت کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان سەرپەرشتیی دەکات بە ئامانجی پاکسازیکردنی ئەو ناوچانەی کە جێگەی بایەخی ئەمنی ھاوبەشن لە بوونی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش".
پێشتر وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو کە ئەمڕۆ ھەشتی کانوونی یەکەم لە ھەردوو میحوەری یەکی گەرمەسێر و دووی قەرەتەپە، ھێزەکانی پێشمەرگە بەمەبەستی دوورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و لەناوبردنی حەشارگەکانی تیرۆریستان، ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان لەو ناوچانەدا دەست پێ کردووە کە دەکەونە ناوچەی بایەخپێدراوی ئەمنی ھاوبەش لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.