Erbil 38°C سێشەممە 16 حوزەیران 22:05

رووفاتی 41 کوردی ئێزدیی لە گوندی کۆجۆ بەخاک سپێردران

کوردستان TV
100%

لە رێوڕەسمێکی جەماوەریدا، رووفاتی 41 قوربانی گوندی کۆجۆ کە لە بەغداوە گەڕێندرابوونەوە لە گوندی کۆجۆ سەربە قەزای شنگال، بەخاک سپێردران.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، رووفاتی 41 قوربانی شاڵاوی کۆمەڵکوژییەکەی گوندی کۆجۆ کە لە ساڵی 2014 بەدەست چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە کۆمەڵکوژ کرابوون، گەڕێندرایەوە زێدی خۆیان و بە ئامادەبوونی کەسوکاریان بەخاک سپێردران.

سەرچاوە عێراقییەکان باس لەوە دەکەن کە لە ئەنجامی هەڵدانەوەی بەشێک لە گۆرە بەکۆمەڵەکانی گوندی کۆجۆ، تا ئێستا زیاتر لە 400 رووفات دەرهێنراون و بە مەبەستی پشکنینی DNA، رەوانەی پزیشکی دادیی کراون لە بەغدا.

حکوومەتی عێراق رایگەیاندووە کە رووفاتەکان دوای ئەنجامدانی پشکنین و جیاکردنەوەیان رادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە و ئەو 41 رووفاتە کاری پشکنینی تەواویان بۆ ئەنجام دراوە.

پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروبار و پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دەزگای شەھیدان سەربە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، زیا کەریم رایگەیاندبوو "سەرجەم ئەو رووفاتانەی کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەرھێندراون، رادەستی فەرمانگەی پزیشکی دادوەریی کراون، بۆ ئەوەی پشکنیی (DNA)یان بۆ ئەنجام بدرێت، ئەوەیش بە ئامانجی ئاشکراکردنی ناسنامە و ناسینەوەیان".

زیا کەریم ئاماژەی بەوەیش دابوو کە فەرمانگەی کاروبار و پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، سامپڵی خوێنی لە کەسوکاری قوربانییەکان کۆکردووەتەوە و فۆرمی تایبەتیش بۆ کەسە بێ سەروشوێنبووەکان پڕکردووەتەوە و سەرجەم کارەکانیان بە رێگای یاسایی و تەکنیکی بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامداوە.

رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی 2014 ھێرشێکی بەرفراوانی بە مەبەستی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدیی بۆسەر ناوچەکانی دەشتی نەینەوا ئەنجام دا و دانیشتوانی گوندی کۆجۆ بەرەورڕووی گەورەترین کۆمەڵکوژی لەلایەن ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بوونەوە.

گوندی کۆجۆ بە دووری 25 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری قەزای شنگال و بە گەورەترین گوندی ئێزدییەکان و دوا سنووری ناوچەکانی نیشتەجێی ئێزدییەکان دادەنرێت. دانیشتوانی گوندی کۆجۆ بەرلەوەی ئەو کارەساتە بەرامبەریان ئەنجام بدرێت، 780 خێزان بوون و لە عەشیرەتی "مەنتکان"ی ئێزدییەکانن.

رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ھەزار و 200 کەسی لە دانیشتوانی گوندەکە رفاند و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لەو ژمارەیە، 700 کەسیان کۆمەڵکوژ کراون کە تا ئێستا رووفاتی 246 قوربانی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە بە ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان هەرێمی کوردستان دۆزراونەتەوە و رەوانەی پزیشکی دادیی کراون لە بەغدا کە لەو ژمارەیە تەنیا 104 کەسیان ناسراونەتەوە.لەئێستاشدا گەڕان بە دوای دۆزینەوەی رووفاتی قوربانییانی ئێزدیی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دیکە بەردەوامە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.