ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە پریتی پاتێل وەزیری ناوخۆی بەریتانیا پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا بارودۆخی کۆچبەرانی سنووری بێلارووس و پۆڵەندا و نۆکەندی ئینگلیزی تاوتوێ کرا.
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، هاوخەمی خۆی بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند بۆ ئەو پێشمەرگە و هاووڵاتییانەی بە هۆی هێرش و پەلامارەکانی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش شەهیدبوون .
سەرۆکی حکوومەت نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دۆخی نالەباری کۆچبەرانی کورد لە سنووری بێلارووس و پۆڵەندا و نۆکەندی ئینگلیزی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە بە پێی یاسای نێودەوڵەتیی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و هاوکاری مرۆیی و فریاگوزارییان پێشکەش بکرێت، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆر و ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنی یەکێکە لەو هۆکارانەی دەبێتە هۆی زیادبوونی کۆچبەريی .
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرنگیی هەماهەنگیی بەریتانیا و فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران کردەوە، هەروەها ئامادەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاریکاری و هەماهەنگییەک لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی و وڵاتانی ئەوروپایی ڕاگەیاند، بەتایبەتی کارئاسانیکردن بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانی کۆچبەران بۆ هەرێمی کوردستان، جەختیش لەسەر هاوکاری و هەماهەنگیی کرا بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو گرووپ و قاچاخچیانەی فێڵ لە کۆچبەران دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.