بەیانی ئەمڕۆ ئەو هێزە نایاساییانەی لە شنگالن لەلای خۆیانەوە بڕیاریان داوە سەرجەم فەرمانگە و بەرێوەبەرایەتییە حکومییەکانی شارۆچکەی شنگال و هەموو ئەو رێکخراوە خێرخوازیانەی لە شنگال کاردەکەن دابخەن.
چەند کاتژمێرێك رێگە نەدرا فەرمانبەرەکان کارووباری هاووڵاتیان ڕاییبکەن ،بەزۆر کارەکان ڕاوەستێنراو ببووە هۆی ئەوەی مامەڵە و کارووباری هاووڵاتیان پەکی بکەوێت، ئەمەش ناڕەزایی هاووڵاتیانی شنگالی بەدوای خۆیدا هێنا،دوای گەیاندنی ناڕەزایەتییەکانیان بە پارێزگار و جێگری پارێزگاری نەینەوا لەرێگەی سوپای عێراق بەزۆر جارێکی دیکە رێگەدرا ئەو فەرمانبەرە شەرعییانە کاری خۆیان بکەن.
لەمبارەیەوە سیروان رۆژبهیانی ،جێگری پارێزگاری نەینەوا بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: ئەوان ئەو کردەوانەی هێزە نایاساییەکان ڕەت دەکەنەوە و داوای لە مستهفا كازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، بەزووترین کات چارەسەرێك بۆ ئەو ڕەوشە نا ئاساییەی لەشنگال هەیە بدۆزنەوە،چونکە ئەمە بۆ چەندەمین جارە ئەو هێزە نایاساییانە کێشە بۆ فەرمانگە و هاووڵاتیانی شنگال دروست دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.