Erbil 38°C دووشەممە 15 حوزەیران 21:21

دیندار زێباری: پێویستە قەرەبووی زیانلێکەوتووانی رووداوەکانی دوای هەڵبژاردن لە شاری کەرکوک بکرێت

کوردستان TV
100%

دواى راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە پارێزگاى کەرکوک ژمارەیەک لە لایەنگر و هەوادار ئاهەنگی سەرکەوتنی لیستەکانیان گێڕا، بەڵام لەلایەن پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستگیرکردنی گەنجانی گەڕەکە کوردنشینەکان و هەڵکوتانە سەرماڵەکانیان دەستیپێکرد بە بیانووی تێکدانی ئارامی و ئاژاوە نانەوە.

له‌وباریه‌وه‌ د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بەم رووداوانە گوتی: دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن دانیشتووانی شاری کەرکوک رژانە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی خۆشی و ئاهەنگگێڕان، لە ناو ئاژاوەگێڕاندا کەسانی سەر بە پەکەکە و لایەنەکانی دیکە هەبوون بوونەتە هۆی تێکدانی ئاهەنگەکە.

هه‌روه‌ها رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم ده‌ڵێت: دواترسوپای عێراق، پۆلیسی خۆجێی، ئاسایشی نیشتمانی و پۆلیسی سواتی فریاکەوتن دەستیان کرد بە دەستگیرکردنی هاووڵاتیان لە گەڕەکەکانی (رەحیماوا، شوڕیجە، دەروازە، ئیسکان، ئازادی، پەنجا عەلی و کوردستان) دواتر دەستگیر کراوەکان رادەستی بنکەی پۆلیسی (ئازادی و رەحیماوە) کراون لە ئەنجامدا نزیکەی (80) هاووڵاتی دەستگیر کران، لەوانە (50) کەسیان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.

سەبارەت بە بڕیارەکانى دەستگیرکردنیان رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: بەبێ بڕیاری دادگا و داوەر ئەو گەنجانە دەستگیر کراون، بەڵکو بە فەرمانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک دەستگیر کراون لەژێر حوکمی سەربازی. نزیکەی (دە) پارێزەر خۆبەخشانە بەرگرییان لەم گیراوانە کردووە دواتر دەستگیرکراوان بە کەفالەت ئازادکراون و بەڵێننامەیان پێ پڕ کراوەتەوە کە نابێ بۆ ماوەی (6) مانگ بەشداری لە هیچ گردبوونەوە و ئاهەنگێکی جەماوەریدا بکەن. بەپێی زانیارییەکان لە رووی یاساییەوە و بە شێوەیەکی فەرمی کەیسەکانیان دانەخراوە و بە کراوەیی ماوەتەوە بە تۆمەتی (حق العام)، بەڵام هەوڵەکان لە ئارادان بۆ داخستنی دۆسییەکە. ئەو کەسانەی دەستگیر کرابوون دووچاری ئەشکەنجە بوون و ئاسەواری ئەم ئەشکەنجەدانە بەسەر جەستەیانەوە دیارە، لەرووی جەستەییەوە بە دار و کێبڵ و داری کارەبایی ئەشکەنجەدراون، هەروەها رووبەڕووی ئەشکەنجەی دەروونیش بوونەتەوە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو ئەو گەنجە دەستگیرکراوانە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە کەلوپەل و مۆبایل و ماتۆرسکیلەکانیان لێسەندراوە، جلوبەرگی بەریان دڕێندراوە، لەرووی دەروونی و جەستەییەوە دووچاری ئازارێکی و ئەشکەنجەدان بوونەتەوە. هەروەها بەشێک لەو هاووڵاتیانە بە هیچ شێوەیەک بەشدارییان لە ئاهەنگەکاندا نەکردووە تەنانەت نەچووبوون بۆ دەنگدانیش، بەڵکو خەریکی پەیداکردنی بژێوی رۆژانەی خۆیان بوون، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیان لەسەر کار دەستگیر کراون و سووکایەتییان پێکراوە.

د. دیندار زێباری ئەوەشی راگەیاند کە دوای رووداوەکان بازگەی سەربازی دانرابوون خەڵکیان ئازار دەدا، هەروەها هێزە عێراقییەکان بە دوای کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی ئەو رۆژنامەنووسانە بوون کە رووماڵی رووداوەکانیان کردبوو و لە هەوڵی دەستگیرکردنیاندابوون.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەورەها گوتی: لە ئەنجامی ئەم رووداوانە دوور لە پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ پێشێلکاری بەرامبەر بە دانیشتووی شاری کەرکوک کراوە و رووبەڕووی گرتن ولێدان و سووکایەتی پێ کردن بوونەتەوە و ژمارەیەکیان بۆ ماوەیەک دەستگیرکران. هەروەها بڵاوەپێکردنی هێزی سەربازی لەناو گەڕەکەکان و دانانی چەندین بازگە جۆرێک لە ناسەقامگیری درووست کردبوو. پێویستە بە شێوەیەکی هاوبەش لە نێوان حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێم بەدواداچوون لە راستییەکان بکرێت بۆ دیاری کردنی ئەو کەسانەی بەرپرس بوون لە رووداوەکان و قەرەبووی ماددی و مەعنەوی دانیشتووانی شاری کەرکوک بکرێت کە زیانیان بەرکەوتووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.