Erbil 38°C دووشەممە 15 حوزەیران 19:19

له‌ هه‌ولێر ئاهەنگه‌کانی شەوانە لە هوتێل و ڕێستورانت و باڕ و هۆڵەکان ڕێکخرایه‌وه‌

کوردستان TV
100%

 

ئەمڕۆ چوارشەممە له‌ پێناو بەرژەوەندى گشتى و بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە دیاردەى ناشیرین و دوور لە ئادابى گشتى و ڕوونەدانى ڕووداوى نەخوازراو و پاراستنى داب و نەریت و ڕێکخستنى کار و پڕۆگرامى ئاهەنگى شەوانەى (هوتێل، ڕێستورانت، باڕ، هۆڵەکان)، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا.

پارێزگای هه‌ولێر ئاشكرای كرد كه‌ له‌ کۆبوونەوەكه‌دا ئه‌م بڕیارانه‌ درا:                                               

یەکەم/ مۆلەتى کارکردنى گەشتیارى ئاهەنگێڕانى شەوانە، تەنها دەدرێت بە هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان.

دووەم/ بەکارهێنانى مۆڵەتى کارکردن تەنها لە (هوتێل، ڕێستورانت، باڕ، هۆڵەکان)ى چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرە دەبێت.

سێیەم/ نابێت خاوەن مۆڵەت بەبێ پشتگیرى بەڕێوەبەرایەتى گشتیی ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشت و گوزارى هەولێر، ڕێگە بە گۆرانیبێژ و هونەرمەندان بدات بۆ گۆرانى گوتن لە ئاهەنگى شەوانە. 

چوارەم/ دەبێت خاوەن مۆڵەت لە ئاهەنگى شەوانە بەڕێژەى (50%) بەشدارى بە هونەرمەند و گۆرانیبێژى کوردستان بکات.                                           

پێنجەم/ دەبێت شوێنى ئاهەنگگێڕانى شەوانە ڕووپۆش کرابێت بە بەربەستى دەنگ(عازل الصوت).                                                                  

شەشەم/ دەبێت خاوەن مۆڵەت گرێبەست لەگەڵ گۆرانیبێژ و هونەرمەند بکات، نابێت گۆرانیبێژ و هونەرمەندیش جگە لەو ڕێکەوتنەى کە لەگەڵ خاوەن مۆڵەت کردوویەتى لە هیچ هۆڵ و شوێنێکى تر کار بکات.                 

حەوتەم/ تەمەنى ئەو کارمەندانەى لەو شوێنانە کار دەکەن دەبێت لەسەرووى (20) ساڵ بێت.                                                                               

هەشتەم/ ئاهەنگى شەوانە تاوەکو کاتژمێر(1)ى شەو ڕێگە پێدراوە، بە پێچەوانەوە سەرپێچیکار ڕێکارى یاسایی به‌رامبه‌ر دەگیرێتەبەر.                       

نۆیەم/ لەسەر خاوەن مۆڵەت پێویستە بەڵێننامە واژوو بکات و پابەندى تەواوى ئەو بڕیارانە بێت، بە پێچەوانەوە لە کاتى بوونى هەر سەرپێچییەک سزا دەدرێت بە پێبژاردن و داخستنى هۆڵ و شوێنى ئاهەنگگێڕان و لێسەندنەوە یان هەڵوەشاندنەوەى مۆڵەتى کارکردنەکەى.:-       

1- پارێزگاى هەولێر، لەکاتى هەبوونى هەر بۆنەیەکى ئاینى، ڕۆژێکى ماتەمینى گشتیى و ڕۆژى تایبەت، بریار لەبارەى گۆڕانکارى لە کاتى ئەنجامدانى ئاهەنگ یان هەڵوەشاندنەوەى دەدات.                                   

2- لە کاتى ئاهەنگگێڕان، هەڵدانى پارە، ناوهێنانى کەسایەتییەکان، هەڵسوکەوتى بێزارکەر بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و ئەنجامدەرانى و خاوەنى هۆڵ بەرپرسیارن و ڕێکارى یاساییان لەبەرامبەر دادەگیرێتەبەر.   

3- چوونەژوورەوەى خوار تەمەن (18)ساڵ بۆ ئاهەنگى شەوانە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، جگە لە ئاهەنگى خێزانى تایبەت نەبێت.                    

4- خاوەن مۆڵەت بەرپرسە لە کۆنتڕۆڵى ئەمنییەتى شوێنەکەى و لەسەریەتى ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا ڕێگە پێدراوەکانى پاسەوانى بکات.                      

5- جگە لەو گۆرانیبێژ و هونەرمەندانەى گرێبەستیان لەگەڵ کراوە بۆ گۆرانى گووتن لەگەڵ خاوەنى مۆڵەت، چوونە سەر ستێج و گۆرانى گووتن بە هەموو شێوەیەک بۆ هەموو کەسێک قەدەغەیە.                                   

6- دەبێت گۆرانیبێژ بۆ گۆرانى گوتن لە ئاهەنگى شەوانە، مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر وەربگرێت بەپێى ئەو مەرجانەى دیاریانکردووە.                                                            

7-سەرجەم ئەو کارمەندانەى لە هۆڵەکانى ئاهەنگگێڕان کار دەکەن، دەبێت کارتى تەندروستی بەڕێوەبەرایەتى گشتیی تەندروستى هەولێریان هەبێت بەپێى ئەو مەرجانەى دیاریانکردووە.   

ده‌یه‌م/ قومارکردن بە ئامێر، سەرجەم شێوە و شێواز و جۆرەکانییەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، هەر کەسێک لە هەر شوێنێک بیکات، ڕێکارى توندى یاسایی لەبەرامبەر ئەو کەسە و شوێنەکە دەگیرێتەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش هێزە ئەمنییەکان دەستکراوە کراون بۆ چاودێریکردن و بەدواداچوون و دەستگیرکردنى ئەو کەسانە و داخستنى ئەو شوێنانە و وەرگرتنى ڕێکارى پێویست.                                                            

یازده‌یەم/ خواردنەوەى مادە کحولییەکان(مەشروب) لەسەر شەقام، باخچە، پارک، ناو ئۆتۆمبێل، شوێنە گشتییەکان، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و هەرکەس سەرپێچی بکات ڕێکارى توندى یاسایی لە بەرامبەر دەگیرێتەبەر.  

دوازدەیەم/ لایەنە پەیوەندیدارەکان و هێزە ئەمنییەکان لەبەرامبەر تەواوى خاڵەکانى ئەم بڕیارانە بەرپرسیارن لە (جێبەجێکردن، مۆڵەتدان، بەدواداچوون و گرتنەبەرى ڕێکارى یاسایی).                                       

سێزدەیەم/ سه‌رجه‌م قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەكانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر بەرپرسیارن لەبەرامبەر جێبەجیکردنى ئه‌و بریارانە وه‌كو خۆی، ده‌سه‌ڵاتی تەواویشیان پێ ده‌درێت ‌بۆ گرتنەبەرى ڕێکارەکان.                      

ئەم بڕیارانەش لە 2022.1.1 دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

 

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.