سوپای عێراق خاپوورکردنی سێ حەشارگەی داعشی لە باکووری پارێزگای بەغدا ناوەڕاستی ئەو وڵاتە، راگەیاند.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق بڵاوی کردەوە کە ھێزەکانی سوپا و ھێزەکانی ئاژانسی ھەواڵگریی و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی سەربە وەزارەتی ناوخۆ، ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەشیان بۆسەر پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە سنووری قەزای تارمییە باکووری پارێزگای بەغدا ئەنجامداوە.
شانەی ناوبراو راشیگەیاندووە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، سێ حەشارگەی داعش دۆزراوەتەوە کە دواتر لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە خاپوورکراون.
باسی لەوەش کردووە کە ھێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن، بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ناوچەکانی عێراق.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.