Erbil 38°C یەکشەممە 14 حوزەیران 18:27

لیژنەی لێکۆڵینەوەی هۆکارەکانی دروستبوونی لافاو لە هەولێر ده‌ستی به‌ کاره‌کانی کرد

کوردستان TV
100%


دوای دەرچوونی فەرمان لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمرۆ یەکشەم لیژنەی لێکۆڵینەوە و دەرخستنی هۆکارەکانی دروستبوون و دووبارەبوونەوەی لافاو لە هەولێر بەسەرۆکایەتی هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر دەستبەکار بوو و یەکەم شوێنیش سەردانی ناحیەی قوشتەپه‌ی کرد.

دوای سه‌ردانیكردنی قوشته‌په‌، هەموو ئەو شوێنانەی کە پێویستی کرد بە چاو ببینرێن و لێکۆڵینەوە لەبارەوە بکرێت بەسەر کردەوە، لەوانەش (دارەتوو، رۆشنبیری، گردجوتیار و گەنجان ستی).

لەوبارەیەشەوە هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی لێژنەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لیژنەکە لە هەموو ئەو شوێنانە دەکۆڵێتەوە کە ڕێرەو و سەرچاوەی هاتنی ئاوە بۆ ناو کۆمەڵگه‌ و گەڕەکەکان، بۆ ئەوەی بزانێت هۆکارەکەی چییە و بۆچی ڕێڕەوی ئاوە سروشتییەکە گیراوە.

سەبارەت بە ڕێژەی زیانەکان و قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی زەرەرمەندیش بوونە، گوتی: لیژنەی دیکە هەیە بۆ بەراوردکردن و نووسینی زەرەر و زیانەکان، تا ئێستا بە وردی ڕێژەی زیانەکان دیار نەکراوە، بەڵام ڕێژەکە گەلێک زۆرە و قوشتەپە لەو شوێنانەیە کە زۆرترین زیانی پێ گەیشتووە هەم لە ڕووی گیانی و هەم لە ڕووی ماددییەوە. جەختی لەوەش کردەوە کە لێپیچینەوە لە هەموو ئەو هۆکارانە دەکرێت کە بۆتە هۆی دروستبوونی لافاو و زیانگەیاندن بە خەڵک.

سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە و دەرخستنی هۆکارەکانی دروستبوون و دووبارەبوونەوەی لافاو لە هەولێر گوتیشی: 'ئێمە و هەموو لیژنە تایبەتمەندەکان سەرنج و تێبینیمان لەسەر چەند شوێنێک هەیە و تەئکید لە هەموویان دەکەینەوە بۆ ئەوەی بزانین چۆن مۆڵەتیان پێ دراوە، ئاخۆ مۆڵەتی فەرمییان هەیە؟ یان بە شێوەی زێدەڕۆیی دروستکراون کە هەمووی ئەوانە دواتر بڕیاریان لێ دەدرێت.

جێگری پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند: تا ئێستا 12 کەس بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان سپاردووە کە تەرمی دوو کەسیان تا ئێستا نەدۆزراونەته‌وە و لەلایەن بەرگریی شارستانی و تیمی غەواسەوە بەردەوامین لە گەڕان بەدوای تەرمی ئەوانەدا کە دیار نین.

سەبارەت بە ئەگەری هەستانەوەی لافاو بۆ جارێکی تر کە بەپێی پێشبینییەکان بۆ ڕۆژی دووشەممە شەپۆلێکی دیکەی بارانی بەخوڕ بەڕێوەیە، هێمن قادر گوتی: هەموو ئاماداکارییەکی پێویست لەلایەن بەرگریی شارستانی و شارەوانی و ناوەندی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان و تەندروستیی قەزا و ناحییەکان کراوە و بەڕێوەبەرانی قەزا و ناحییەکان هەموویان لە ئامادەباشی دەبن.

سەبارەت بەو کۆمەڵگایانەی کە دەگوترێت بەربەستیان لەسەر ڕێڕەوی ئاو و ئاوەڕۆکان دروست کردووە و هۆکارن بۆ هەستانی لافاو، جێگری پارێزگاری هەولێر ڕایگه‌یاند: کاری لیژنەکە ئەوەیە کە لە هەمووی ئەوانە بکۆڵێتەوە و دواتر هەمووی ڕوون دەبێتەوە.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.