Erbil 38°C یەکشەممە 14 حوزەیران 16:41

وه‌زاره‌تی داد: وەرگرتنی ڤاکسین بۆ فەرمانبەرانی و هاووڵاتییان دەکاتە مەرج

کوردستان TV
100%


وەزیری دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند: هیچ فەرمانبەرێک ناتوانێت بەبێ وەرگرتنی ڤاکسین دەوام بکات.
 فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا فەرمانی کردووە، ھەر فەرمانبەرێک تا سەری ساڵی نوێ ڤاکیسنی وەرنەگرتبێت، ناتوانێت لە کارەکەی بەردەوام بێت.
لە نووسراوەکەدا  کە واژووی فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی  له‌سه‌ره‌ و  گشتاندنێکی ئاراستەی ھەریەک لە ئەنجوومەنی شورای ھەرێم، سەرۆکایەتی دەستەی سەرپەرشتیاری دادیی، سەرۆکایەتی داواکاریی گشتیی، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەیمانگای دادوەریی، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی فەرمانگەکانی داد کردووە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە کە ھەر فەرمانبەرێک تا سەری ساڵی نوێ ڤاکیسنی وەرنەگرتبێت، ناتوانێت لە کارەکەی بەردەوام بێت.
لە نووسراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە پێویستە تا رێکەوتی یەکی کانوونی دووەمی 2022، فەرمانبەرانی ھەردوو راژەی شارستانیی و سەربازیی ڤاکسین وەربگرن و بەپێچەوانەوە بەپێی یاسای تەندروستیی گشتیی و بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت (قـانون إنضباط مـوظفــي الـدولــة) مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی گشتاندنەکەدا ھاتووە: پێتان رادەگەیەنین، ھەر فەرمانبەرێک لەھەر پلە و پۆستێکدا بێت، تا رێکەوتی یەکی کانوونی دووەمی 2022 ڤاکسین وەرنەگرێت، ناتوانێت پابەند بێت بە دەوامی فەرمی.

راشگەیەندراوە کە پاڵپشت بە بەیانی ژمارە 31ی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوە ڤایرۆسی کۆرۆنا کراوە، فەرمانبەران لە ھەردوو راژەی شارستانیی و سەربازیی پێویستە ماسک بەکار بێنن.
ئاماژە بەوەیش کراوە کە لەدوای ئەو رێکەوتە، ھیچ ھاووڵاتییەک ناتوانێت سەردانی فەرمانگەکان بکات بە مەبەستی راییکردنی مامەڵە، بەبێ وەرگرتنی ڤاکسین.
ھۆشداریش دراوە کە لەکاتی جێبەجێنەکردنی ناوەڕۆکی گشتاندنەکە، سەرۆک و بەرپرسی فەرمانگەکان رووبەڕووی لێپێچینەوە دەبنەوە.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.